دەستبەسەرکران و ئەشکەنجەدانی ئامیار فەتحوڵڵایی تەمەن ١٦ساڵ لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی قوروە
ئامیار فەتحوڵڵایی، مێرمنداڵی ١٦ تەمەن ١٦ ساڵ، دوای بانگکرانێکی فریوکارانە لەلایەن پەروەردە و بارهێنانی قوروە دەستبەسەرکرا و دوای گواسترانەوەی بۆ د
هەنگاو؛ یەکشەممە ٢٣ی ڕەزبەری ٢٧٢٣
ئامیار فەتحوڵڵایی، مێرمنداڵی تەمەن ١٦ ساڵ، دوای بانگکرانێکی فریوکارانە لەلایەن پەروەردە و بارهێنانی قوروە دەستبەسەرکرا و دوای گواسترانەوەی بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە ئەشکەنجەدرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، پێش نیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی ڕەزبەری ٢٧٢٣ (١٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣)، ئامیار فەتحوڵڵایی، خوێندکاری خەڵکی شاری قوروە دوای پەیوەندی تەلەفۆنی یەکێک لە فەرمانبەرانی پەروەردە و بارهێنانی قوروە بەناوی پێدرام حەسەنی، لەژێر ناوی" بەدواداچوون بۆ بارودۆخی خوێندن" ڕۆشتووەتە ئەو ئیدارە و دوای دەستبەسەرکران و لێدان و کوتانی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە ئەمنییە گواستراوەتەوە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو مێرمنداڵە دەوروبەری کاتژمێر ٩ تا نزیک ٣ی دوانیوەڕۆ لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی قوروە دەستبەسەربووە و بەسەختی ئەشکەنجەدراوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی هەنگاو، ئامیار فەتحوڵڵایی، لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعات بەمەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێی دژ بەخۆی ئەشکەنجەدراوە و گورچیلە و کەمەری بەسەختی تووشی زیانکەوتن بووە. هێزەکانی ئیتلاعات بە ئامیاریان گوتووە کە دەبێت دانپێدابنێت کە لەلایەن خاڵی، عارف نادری، چالاکی سیاسی نیشتەجێی دەرەوەی وڵات بۆ ئەوەیکە" کردەوەی تیرۆریستی" ناویان بردووە هاندراوە و قبووڵی کردووە.
ئەو مێرمنداڵە دوای چەند کاتژمێر دەستبەسەرکرانی کاتی و ئەشکەنجەدران، بە بارودۆخێکی زۆر دژواری دەروونی و جەستەیی و هەروەها وەرگرتنی مۆبایلەکەی ئازادکراوە و ناردوویانەتەوە ماڵی بنەماڵەکەی.