ئاودانان: سەپێندرانی سزای بەندکردن بەسەر ئەمیر حوسێن موسەویانزادە تەمەن ١٩ ساڵ و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی

ئەمیر حوسێن موسەویانزادە، هاووڵاتیی کورد و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە شاری ئاودانان سەر بە پارێزگای ئیلام، لەلایەن دەزگای

٢٤ ڕەزبەر ٢٧٢٣، ١٤:٤٣

 

هەنگاو: دووشەممە ٢٤ی ڕەزبەری ٢٧٢٣

ئەمیر حوسێن موسەویانزادە، هاووڵاتیی کورد و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە شاری ئاودانان سەر بە پارێزگای ئیلام، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای ٢٤ مانگ دەستبەسەرکرانی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا ئەمیر حوسێن موسەویانزادە، تەمەن ١٩ ساڵ لەلایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئیلام بە سەرۆکایەیی محەممەد غوڵامی بە تۆمەتی "پاروپاگەندەکردن لە دژی کۆماری ئیسلامی" سزای ٨ مانگ بەندکران و بۆ تۆمەتی "بێڕێزیکردن بە عەلی خامنەیی" سزای ١٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

هەنگاو زانیویەتی کە، ١٣ مانگ لە ماوەی ١٦ مانگ بەندکرانی ئەم لاوە ناڕازییە بۆ پێنج ساڵ هەڵسەپێندراوە و سێ مانگی دیکەشی، گۆڕدراوە بۆ بڕی سێ ملیۆن تمەن پێبژاردن. هەروەها سزای ٨ مانگ بەندکرانی ناوبراو، بە هەژمارکردنی ڕۆژانی دەستبەسەرکرانی جێبەجێدەکرێت.

هەر لەم ڕاستایەدا، ڕۆژی شەممە، ٢٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، ئەمیر ڕەزا موسەویان زادە، تەمەن ١٥ ساڵ و برای بچووکتری ئەمیر حوسێن موسەویان زادە، بۆ ماوەیەک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە بارمتە گیرابوو. ناوەندە ئەمنییەکان لەبەرانبەر ئازادکردنی ئەم مێرمنداڵە داوات ڕادەستکردنی ئەمیر حوسێن موسەویانزادەیان کردبوو کە لە هەمان ڕۆژ بە وەرگرتنی بەڵێنی نووسراو ئازادکرابوو. ئەم مێرمنداڵە لە دوای تێپەڕاندنی دوو مانگ لە دەستبەسەرگە، لە دوای دەستبەسەرکرانی دووبارەی ئەمیر حوسێن موسەویان زادە ئازادکرابوو.

لە ڕەوتی دادگاییکرانی ئەمیر حوسێن موسەویان زادەدا، بنەماڵەکەی چەندین جار لە بەرانبەر دەستبەسەرکردنی نایاساییانە و بارمتەگرتنی کوڕە بچووکەکەیان ناڕەزایەتییان دەربڕیبوو، کەم ئەم سکاڵایەیان لەلایەن دادوەرەوە بە پاساوی ئەوەی کە ئەم "بابەتە ئەمنییەتییە" وڵام درابووەوە.

ئەمیر حوسێن موسەویانزادە، لە سەرەتاکانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرابوو. دوای ماوەیەک لە ئازادی ناوبراو بە وەرگرتنی بەڵێنی نووسراو، بۆ جارێکی دیکە دەستبەسەرکرابووە و بە دانانی بارمتە هەتا تەواوبوونی قۆناغی دادگاییکردنی ئازادکرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە