درێژکردنەوەی بڕیاری دەستبەسەرکرانی شێرکۆ حیجازی و ڕێگریکردنی ناوەندە ئەمنییەکان لە پەیوەندی گرتنی لەگەڵ بنەماڵەکەی

وەزارەتی ئیتلاعات بڕیاری دەستبەسەرکردنی شێرکۆ حیجازی، بەرپرسی لیژنەی تۆپی پێی سەقز و لە چالاکانی مەدەنی ناسراوی ئەو شارەی بۆ ماوەی مانگێک درێژک

٢٤ ڕەزبەر ٢٧٢٣، ١٧:٢٥

 

هەنگاو؛ دووشەممە ٢٤ی ڕەزبەری ٢٧٢٣

وەزارەتی ئیتلاعات بڕیاری دەستبەسەرکردنی شێرکۆ حیجازی، بەرپرسی لیژنەی تۆپی پێی سەقز و لە چالاکانی مەدەنی ناسراوی ئەو شارەی بۆ ماوەی مانگێک درێژکردەوە. ناوبراو ئێستا لە دەستبەسەرگەی وەزارەتی ئیتلاعات لە شاری سنە ڕاگیراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بڕیاری دەستبەسەرکرانی شێرکۆ حیجازی، بەرپرسی لیژنەی تۆپی پێی سەقز، کە چەند ڕۆژ دوای دەستبەسەرکرانی لەو شارە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە گواستراوە، بۆ ماوەی مانگێکدرێژکراوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، شێرکۆ حیجازی کە پێشتر بەمەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ ئەشکەنجەدرابوو، نزیکەی دە ڕۆژە کە لە هەرچەشنە پەیوەندی گرتنێک لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەشکراوە.

هەروەها هاوکات لەگەڵ ڕێگریکردن لە پەیوەندی گرتنی شێرکۆ حیجازی، ناوەندە ئەمنییەکان گوشارەکانیان لەسەر ناوبراو زۆرتر کردووە و لە هەرجۆرە وەڵامدانەوەیەکی ڕوون بە بنەماڵەکەی لەسەر دۆخی ئەو هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوە ڕێگری دەکەن.

پێشتر هەنگاو ڕاپۆرتێکی لەسەر ئەشکەنجەدانی شێرکۆ حیجازی لەماوەی تێپەڕبووی دەستبەسەربوونی و هەروەها بێبەشکردنی لە چاوپێکەوتن و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر ڕاگەیاندبوو.

ئەو چالاکە مەدەنییە نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی خەرمانانی ٢٧٢٣، بە لێدان و کوتان لە شەقامی "شوهەدا"ی شاری سەقز و لە نزیکی شوێنی کارەکەی دەستبەسەرکرا. هێزە ئەمنییەکان لەکاتی دەستبەسەرکردنی خستبوویانە نێو سندووقی ئۆتۆمبێلێک و لەگەڵ خۆیان بردبوویان.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە