سزای شەش ساڵ بەندکران و ڕێگریکردن لە ڕۆشتنەدەرەوەی وڵات بەسەر میکاییل مینبەری سەپێندرا

میکاییل مینبەری بەندکراوی سیاسی پێشوو و خەڵکی شاری سنە، کە ساڵی ڕابردوو بۆ ماوەی ٧٥ ڕۆژ دەستبەسەرکرابوو، لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای

٢٥ ڕەزبەر ٢٧٢٣، ١٤:٥٩


هەنگاو؛ سێشەممە ٢٥ی ڕەزبەری ٢٧٢٣

میکاییل مینبەری بەندکراوی سیاسی پێشوو و خەڵکی شاری سنە، کە ساڵی ڕابردوو بۆ ماوەی ٧٥ ڕۆژ دەستبەسەرکرابوو، لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای شەش ساڵ بەندکران و هەندێک سزای دیکەی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، میکاییل مینبەری هاووڵاتیی خەڵکی گوندی نییەر سەر بە شاری سنە، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئەو شارە بە سەرۆکایەتی دادوەر سەعیدی، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" و "هەوڵدان بۆ نانەوەی ئاژاوە" سزای شەش ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێنراوی بەسەردا سەپا.

هەروەها، ئەو هاووڵاتییە، سزای دوو ساڵ ڕێگریکردن لە ڕۆیشتن بۆ دەرەوەی وڵات و سەردانکردنی ئیدارەی ئیتلاعاتی هەر چوار مانگ جارێک بەسەردا سەپاوە.

میکاییل مینبەری، ڕۆژی چوارشەممە ٨ی پووشپەڕی ٢٧٢٣، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە دەستبەسەرکرا و ڕۆژی شەممە ٥ی خەرمانان دوای دوو مانگ دەستبەسەر و ئەشکەنجەکران لە ژووری تاکەکەسی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، بۆ بەندیخانەی ناوەندی ئەو شارە گواسترابووەوە.

ناوبراو لە ئاکامدا ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (١٣ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣) بە دانانی بارمتەی یەک ملیار و ٤٠٠ ملیۆن تمەنی، بەشێوەی کاتی و هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنی لە بەندیخانەی ناوەندی سنە ئازادکرا.

جێگای باسە کە، میکاییل مینبەری ٢٥ی پووشپەڕی ٢٧٢٣، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە دەستبەسەرکرا و دوای ١١٠ ڕۆژ دەستبەسەربوون، ڕۆژی شەممە ١٠ی ڕەزبەری ٢٧٢٣ بە دانانی بارمتەی قورسی ٧٠٠ ملیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتی ئازادکرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە