سەپاندنی سزای ساڵێک بەندکردن بەسەر ساڵح نیکبەخت، پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی

ساڵح نیکبەخت، یاساناس و پارێزەری ناسراو کە پارێزەر و بەرگریکاری دۆسیەکەی ژینا ئەمینی بوو، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە

٢٥ ڕەزبەر ٢٧٢٣، ١٥:٢٤

 

هەنگاو: سێشەممە ٢٥ ڕەزبەری ٢٧٢٣

ساڵح نیکبەخت، یاساناس و پارێزەری ناسراو کە پارێزەر و بەرگریکاری دۆسیەکەی ژینا ئەمینی بوو، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ساڵێک بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.
 

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ساڵح نیکبەخت، پارێزەر و یاساناس، لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "عەمووزاد"، بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە و چالاکیی تەبلیغی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران" سزای ساڵێک بەندکردنی بەسەردا سەپاوە و هەروەها سزای قەدەغەبوونی ماوەی دوو ساڵ چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش بەسەریدا سەپێندراوە.
 

ئەو سزایە ڕۆژی سێشەممە، ٢٥ی ڕەزبەری ٢٧٢٣، لە لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاران بەفەرمی بە عەلی ڕەزایی، پارێزەری بەرگریکاری ساڵح نیکبەخت ڕاگەیەندراوە. دانیشتن بۆ پێڕاگەیشتن بە تۆمەتە پاڵدراوەکانی ناوبراو، لە ٧ی خەرمانان و ١٠ی ڕەزبەری ٢٧٢٣ هەر لەو دادگایەدا بەڕێوە چوو.
 

عەلی ڕەزایی، بە بڵاوکردنەوەی ئاگادارییەک ئاماژەی بەوە کردووە کە دەزگای دادوەری هیچ بایەخێکی بە هەوڵە بەرگریکارانەکانی پارێزەر و تۆمەتبارەکەش نەداوە و ڕایگەیاند؛ دادگا سەرجەم ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لەسەر چالاکییە پیشەیییەکانی ساڵح نیکبەخت و ئەرکە فەرمییەکانی وەک پارێزەرێک، بەتایبەت وتووێژی ناوبراو لەگەڵ ڕۆژنامەی "ئیعتماد" سەبارەت بە دۆسیەی کوشتنی ژینا ئەمینی و بەرگریکردن لە مافەکانی کۆڵبەرەکان کە لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستڕێژیان لێ دەکرێت، وەک بەڵگەی تاوانباربوونی ئەو پارێزەرەی لە بەرچاو گرتووە.
 

ساڵح نیکبەخت، تەمەن ٧٢ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز، ڕۆژی شەممە، ٢٠ی ڕەشەمەی ٢٧٢٢ لەلایەن لقی ٢ی لێکۆڵینەوەی داواکاریی گشتیی ئێڤین بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" تۆمەتبار کرا. پاشان بە دانانی بارمتە و بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کراوە.
 

ئەو هاووڵاتییە پارێزەری پایە یەکی دادگوستەریە و ئەرک و بەرپرسیارێتیی بەرگریکردن لە دۆسیەی ژینا ئەمینی و هەروەها زۆربەی بەندکراوان و تۆمەتبارکراوانی سیاسی کە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە، لە ئەستۆ گرتووە.
 

شایانی باسە کە ساڵح نیکبەخت لە سەردەمی هەر دوو حکوومەتی بنەماڵەی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەهۆی چالاکیی سیاسییەوە سەرجەم ٨ ساڵ بەند کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە