زیادبوونی گوشارەکان بۆ سەر بنەماڵەی ڕەزا ڕەسایی، لە پەیڕەوانی ئایینی یارسان دوای سەپاندنی سزای سێدارە بەسەریدا

هاوتەریب لەگەڵ هەوڵەکانی ئەم دواییەی دامودەزگا ئەمنییەکان کە بووە هۆی سەپێندرانی سزای سێدارە بەسەر بۆ ڕەزا ڕەسایی، گوشارەکانی ئەم ناوەندە حکوومەتییە بۆ سەر

٢٦ ڕەزبەر ٢٧٢٣، ١٠:٥٦

 

هەنگاو: سێشەممە، ٢٥ی ڕەزبەری ٢٧٢٣

هاوتەریب لەگەڵ هەوڵەکانی ئەم دواییەی دامودەزگا ئەمنییەکان کە بووە هۆی سەپێندرانی سزای سێدارە بەسەر بۆ ڕەزا ڕەسایی، گوشارەکانی ئەم ناوەندە حکوومەتییە بۆ سەر بنەماڵە و کەسوکاری ئەم لاوە یارسانەی خەڵکی سەحەنەی کرماشان، زیاتر کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوای سەپێندرانی سزای سێدارە بەسەر ڕەزا (غوڵامڕەزا) ڕەسایی، تەمەن ٣٤ ساڵ لەلایەن لقی دووی دادگای تاوانەکانی پارێزگای کرماشان، گوشارەکان لەسەر بنەماڵە و کەسوکاری ئەم لاوە ناڕازییە لە لایەن دامەزراوە ئەمنییەکان چڕتر بووەتەوە.

بەوتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی دایکی ئەم زیندانییە کە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە، ئەندامانی بنەماڵە و کەسوکاری ڕەزا ڕەسایی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پەیام و پەیوەندیی هەڕەشەئامێزیان لە ژمارەیەکی نادیارەوە بۆ نێردراوە و ئەمەش بووەتە هۆی نیگەرانی زیاتری ئەم بنەماڵەیە بەتایبەت سەبارەت بە چارەنووسی کوڕەکەیان.

ماوەیەک لەمەوبەر ڕەزا ڕەسایی لە لایەن لقی دووی دادگای تاوانەکانی پارێزگای کرماشانەوە بە تۆمەتی کوشتنی نادر بایرامی، بەرپرسی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی سەحنە، سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا. نادر بایرامی ڕۆژی شەممە، ٣ی سەرماوەزی ٢٧٢٣، لە کاتی سەرکوتی خەڵکی ناڕازی شاری سەحنە لە ڕێوڕەسمی ساڵیادی سەید خەلیل عالینژاد کوژرا.

ئەم سزایە بە پشتبەستن بە دانپێدانانی زۆرەملێی ڕەزا ڕەسایی و کەسانی دیکە کە هاوکات لەگەڵی دەستگیرکراون، دوای چەند مانگێک لە ئەشکەنجەدان و دۆسیەسازی سەپێندراوە و هەتا ئێستا بەڵگەنامەی یاسایی کە ئەم تۆمەتە پشتڕاستبکاتەوە لەم دۆسیەیەدا نەخراوەتەڕوو.

ڕۆژی هەینی ٣ی سەرماوەزی ٢٧٢٣، ڕەزا ڕەسایی لە شاری کەرەج لە لایەن هێزەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەر کرا. دوای لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران، ناوبراو بۆ بەندیخانەی دیزڵئاوا لە کرماشان گواسترایەوە.

شیاوی ئاماژەپێدانە کە، ڕەزا ڕەسایی لە ماوەی چوار مانگی یەکەمی دەستبەسەرکرانیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و دیدار بێبەریکراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە