ڕاپۆرتێک لەسەر بارودۆخی تەندروستیی فەردین جەعفەری لە نەخۆشخانەی "کەوسەر"ی شاری سنە

٢٨ ڕەزبەر ٢٧٢٣، ٢٣:٣٩

 

هەنگاو: هەینی، ٢٨ی ڕەزبەری ٢٧٢٣

لاوێکی خاوەن پێداویستیی تایبەت و خەڵکی شاری سەقز بە ناوی فەردین جەعفەری کە هاوکات لەگەڵ ساڵڕۆژی کوژرانی ژینا ئەمینی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان بریندار بووە و بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی سنە گواستراوەتەوە، هێشتا باری تەندروستیی ناوبراو ناجێگیرە و جگە لە چاوترووکاندن، ئەندامانی دیکەی جەستەی جووڵەیان نەماوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ناوی فەردین جەعفەری، تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی گوندی "مامەشا"ی سەر بە شاری سەقز، سەرەڕای ئەوەی هێشتا نیشانە تەندروستییەکانی ناوبراو لە دۆخێکی ناجێگیردایە، لە بەشی چاودێریی تایبەتەوە بۆ بەشی گشتیی نەخۆشخانەی "کەوسەر"ی شاری سنە گواستراوەتەوە.

بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکان، پزیشک و دوکتۆرەکان بنەماڵەی ئەو لاوەیان ئاگادار کردووەتەوە کە نیوەی جەستەی کوڕەکەیان بەتەواوەتی ئیفلیج بووە و هەنووکەش جگە لە چاوترووکاندن و تەنیا جووڵەی چاوەکانی، ئەندامانی دیکەی جەستەی توانای جووڵەیان نەماوە.

شایانی باسە کە ناوەندە ئەمنییەکان تەنیا حەفتەی جارێک ڕێگە بە بنەماڵەی ئەم لاوە بریندارە دەدەن کە سەردانی کوڕەکەیان بکەن و ئەویش لەژێر چاودێریی چڕوپڕی ئەمنییەتی و بەبێ ئەگەری ئەوەی کە موبایلیان پێ بێت ڕێگەیان پێ دەدرێت.

هەروەها سکاڵای بنەماڵەی جەعفەری لە دادگای سەربازی لەسەر ئەو هێزە هەڵەکارانەی کە تەقەکردن لە فەردین کردووە و تووشی ئەم بارودۆخە بووە، تۆماریان کردووە و تاکوو ئێستە سکاڵاکەیان لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بێ وەڵام ماوەتەوە.

فەردین جەعفەری ڕۆژی شەممە، ٢٥ی خەرمانانی ئەمساڵ، هاوکات لەگەڵ ساڵڕۆژی دەستپێکی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، بەهۆی ترس و دڵەڕاوکەی دوای دیتنی هێزە چەکدارە حکوومەتییەکان لە شوێنی نیشتەجێبوون و دەوروبەری ماڵەکەیان، هەڵهاتووە و هێزەکانی سوپای پاسداران دەستبەجێ تەقەیان لێ کردووە و بەسەختی بریندار بووە کە گوللەی ئەو هێزانە بەر لاجانگی (گیجگاە) ئەو لاوە خاوەن پێداویستییە کەوتووە.

ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە هێزەکانی سوپای پاسداران لە بەردەم بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە تەقەیان لێ کردووە و بنەماڵەکەشی وردەکاریی چۆنیەتیی تەقەکردنی ئەو هێزانەیان بینیوە. هەر لە سەرەتا ڕووداوەکەوە دەسەڵاتدارە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی بە هەڕەشە و گوشارخستنە سەر ئەم بنەماڵەیە، هەوڵی زۆریان دەدا کە ئەو تاوانە بخەنە ئەستۆی حیزبە کوردستانییەکان و وا نیشان بدەن کە یەکێک لە حیزبەکانی کوردستان تەقەی لە فەردین کردووە.

ئەو لاوە بریندارە دوای چەند ڕۆژێک، بەهۆی قووڵیی برینەکەیەوە لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری سەقزەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی شاری سنە گواسترایەوە و لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا لەو نەخۆشخانەیە بەبێ ئەوەی کە بارودۆخی تەندروستیی ئەو هاووڵاتییە لە بەرچاو بگیردرێت، لەژێر چاودێریی چڕوپڕی ئەمنییەتی ناوەندە حکوومەتییەکاندا بووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە