یاسین سەمسام بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کرا

یاسین سەمسام، هاووڵاتیی خەڵکی شاری شنۆ و یەکێک لەو خۆپیشاندەرانەی کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا دەستبەسەر کرابوو، بە مەبەستی تێپەڕاندن

٢٩ ڕەزبەر ٢٧٢٣، ٢١:١٢

 

هەنگاو: شەممە، ٢٩ی ڕەزبەری ٢٧٢٣

یاسین سەمسام، هاووڵاتیی خەڵکی شاری شنۆ و یەکێک لەو خۆپیشاندەرانەی کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا دەستبەسەر کرابوو، بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای ٤ ساڵ و ٩ مانگ کە بەسەریدا سەپێندراوە، دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی شەممە، ٢٩ی ڕەزبەری ٢٧٢٣ (٢١ی ئوکتۆبری ٢٠٢٣)، هاووڵاتیی یاسین سەمسام، دوای بانگکردن و سەردانی لەلایەن لقی جێبەجێکردنی سزاکانی داواکاریی گشتی و شۆڕشی شاری شنۆ، ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کرا.

ئەو هاووڵاتییە لە مانگی جۆزەردانی ٢٧٢٣ لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری شنۆ بە تۆمەتی "کۆبوونەوەی و ڕێکخستنی نهێنی بە دژی ئاسایشی ناوخۆ لە ڕێگەی بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان" سزای ٣ ساڵ و ٩ مانگ و هەروەها بە تۆمەتی "لەناوبردنی بەئەنقەستی موڵک و ماڵی خەڵک لە ڕێگەی بەردفڕێدان و بەشداریکردن لە گواستنەوەی کۆکتێل مۆلۆتۆف" سزای ساڵێک بەندکردن و لێدانی ٨٠ قامچی بەسەریدا سەپاوە.

هەنگاو پێشتر بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی سەمسام ڕایگەیاندووە؛ یاسین سەمسام لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە مافی سەرەتایییەکانی وەک دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری و بێبەش بووە.

ناوبراو ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٢ی بەفرانباری ٢٧٢٢، لە پەیوەندی لەگەڵ خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی شاری شنۆ لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا و پاش ماوەیەک بۆ بەندیخانەی ئەو شارە گواسترایەوە.

پاش نزیکەی ٩ مانگ لە دەستبەسەربوون، دواجار ئەم هاووڵاتییە لاوە بە دانانی بارمتەی ٢ ملیار و چوارسەد ملیۆن تمەنی لە بەندیخانەی شنۆ ئازاد کرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە