پشتڕاستکردنەوەی ناڕاستەوخۆی مردنی مێشکیی ئارمیتا گەڕاوەند لەلایەن بنەماڵەکەیەوە

دوای بڵاوبووەنەوەی هەواڵی مردنی مێشکیی ئارمیتا گەڕاوەند، کچێکی مێرمنداڵی تەمەن ١٦ ساڵ و قوربانیی حیجابی زۆرەملێ کە ماوەی ٢١ ڕۆژە لە نەخۆشخانەی "فەجر"ی ت

٣٠ ڕەزبەر ٢٧٢٣، ١٧:٠٠

 

هەنگاو: یەکشەممە، ٣٠ی ڕەزبەری ٢٧٢٣

دوای بڵاوبووەنەوەی هەواڵی مردنی مێشکیی ئارمیتا گەڕاوەند، کچێکی مێرمنداڵی تەمەن ١٦ ساڵ و قوربانیی حیجابی زۆرەملێ کە ماوەی ٢١ ڕۆژە لە نەخۆشخانەی "فەجر"ی تاران لە کۆمادایە، بنەماڵەکەی لە وتووێژێکی تایبەتدا لەگەڵ هەنگاو بە شێوەیەکی ئاماژەگەرانە و ناڕاستەوخۆ ئەو هەواڵەیان پشتڕاست کردەوە.
 

ڕۆژی یەکشەممە، ٣٠ی ڕەزبەری ٢٧٢٣ (٢٢ی ئوکتۆبری ٢٠٢٣)، بەهمەن گەڕاوەند، باوکی ئارمیتا لە وتووێژێکی تایبەتدا لەگەڵ هەنگاو ڕایگەیاند: "پزیشکەکانی ئارمیتا پێمانیان ڕاگەیاندووە کە مێشکی ڕاوستاوە و ئێمەش هیچ شتێکمان لەدەست نایەت بۆی بکەین و هیچ هیوایەکی دڵخۆشکەر بۆ مانەوەی ئارمیتا لە ژیان لە ئارادا نییە". باوکی ئارمیتا ڕاستەوخۆ دەستەواژەی "مردنی مێشکی"ی بەکار نەهێناوە، بەڵام بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ و ئاماژەگەرانە ڕایگەیاند کە لە یەکەم ڕۆژەوە باری تەندروستیی ئارمیتا چۆن بووە، هەنووکەش هەر بەو شێوەیە و نەگۆڕاوە، پزیشک و دوکتۆرەکانیش بێهیواییی خۆیان لە چاکبوونەوەی دەربڕیوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا ئاژانسی هەواڵدەریی "تەسنیم"ی سەر بە سوپای پاسداران ڕاپۆرتێکی بە ناونیشانی "مردنی مێشکیی ئارمیتا گەڕاوەند پشتڕاست کراوەتەوە" بڵاو کردووەتەوە، کە لەو ڕاپۆرتەدا هیچ ئاماژەیەک بە ڕەوتی ٢١ ڕۆژی ڕابردوو نەکراوە و تەنیا وەک پێشتر دیسان چەواشەکاریی ئەوە کراوە کە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە لێی نەدراوە و بۆ ئەم چەواشەکارییانەش ئاماژەیان لێدوانگەلێکی بەربڵاو داوە.

پێشتر هەنگاو لە ڕاپۆرتێکی دیکەی تایبەتدا ڕایگەیاند؛ ئەم کچە مێرمنداڵە لە یەکەم ڕۆژەوە کە لە نەخۆشخانە و لەژێر چاودێریی پزیشکیدا بووە، بەهۆی ناجێگیربوونی دۆخی تەندروستیی ناوبراو هیچ چەشنە نەشتەرگەرییەکی بۆ نەکراوە و لە نەخۆشخانەدا تەنیا توانیویانە ئاستی هۆشیاریی بە زیندووی ڕاگیرن.

هەر وەکوو پێشتر ئاماژەی پێ کراوە، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو جارێکی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە دیمانەی تەلەفزیۆنیی حکوومەت لەگەڵ هاوڕێ و هاوپۆلی و ئەندامانی بنەماڵەکەی و هەروەها ئەو کەسانەی لە کاتی ڕووداوەکە لە میترۆ و لە شوێنی تاوانەکەدا بوون، لەسەر هۆکارەکانی برینداربوونی ئارمیتا گەڕاوەند بە گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان کراوە و وەکوو بەڵگەیەک کە پشتی پێ ببەسترێت لەقەڵەم نادرێت.

بەرلەنیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە ٩ی ڕەزبەری ٢٧٢٣ (١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣)، ئارمیتا گەڕاوەند، خەڵکی کرماشان و دانیشتووی شاری تاران، لە مێترۆی "شەهۆدا"ی تاران بەهۆی سەرپێچیکردن لە یاسای حیجابی زۆرەملێ، لەلایەن چەند پۆلیسێکی پاراستنی حیجابەوە هێرش کرایە سەری و بەتوندی لێی درا و دواتر بۆ نەخۆشخانەی فەجری ئەم شارە گواستراوە کە تاکوو ئێستا لەم نەخۆشخانەیەدا لەژێر چاودێریی چڕوپڕی ئەمنییدا ڕاگیراوە و لە کۆمادایە.

لە ڕووی یاساکانی مافی مرۆڤەوە، ئەم تاوان و جینایەتە دەرخەری پێشێلکردنی مافی هاووڵاتی بوون و هەروەها مافی هەڵبژاردن و بیروڕا تاکەکەسییەکانە. ئارمیتا گەڕاوەند بەهۆی سەرپێچیکردن لە یاسای حیجابی زۆرەملێ، کەوتووەتە بەر هێرشی دڕندانەی هێزە ئەمنییەکان و ئەو جینایەت و تاوانەیان بەسەر ئەو کچە مێرمنداڵەدا کردووە و هەروەها مافە سەرەتایی و بنەڕەتییەکانی ناوبراو پێشێل کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە