بەندیخانەی ناوەندیی سنە، دووبارە گواستنەوەی خالید ڕۆحی بۆ ژووری تاکەکەسی بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای سێدارە

خالید ڕۆحی، بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندی سنە کە پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە، بۆ جاری دووەم، بە مەبەستی جێبەجێکر

٣٠ ڕەزبەر ٢٧٢٣، ٢٠:٠٢

 

هەنگاو؛ یەکشەممە ٣٠ی ڕەزبەری ٢٧٢٣

خالید ڕۆحی، بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندی سنە کە پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە، بۆ جاری دووەم، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی بۆ ژووری تاکەکەسی گواستراوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی ڕەزبەری ٢٧٢٣ (٢٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣) خالید ڕۆحی، خەڵکی گوندی "چم سۆ" سەر بە بەشی ناوەندیی سنە، بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای سێدارە لە بەندی گشتی بۆ ژووری تاکەکەسی گواسترایەوە.

بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، خالید ڕۆحی لە چوار ساڵ پێشترەوە بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەرکراوە و دواتر لەلایەن دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ئێران سزای سێدارەی بەسەردا سەپا.

ئەو بەندکراوە پێشتر، واتە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی گوڵانی ٢٧٢٣ (١٨ی مەی ٢٠٢٣) لە بەندی "پویش٤"ی بەندیخانەی ناوەندی سنە بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای سێدارە، بۆ ژووری تاکەکەسی ئەو بەندیخانە گواستراوە و چەند ڕۆژ دواتر گەڕاندوویانەتەوە بەندی گشتی.

بەدواداچوونەکانی بنەماڵە و کەسە نزیکەکانی خالید ڕۆحی بەمەبەستی لێخۆشبوونی بنەماڵەی کوژراوەکە، هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە بێ ئاکام ماوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە