دواخستنی دووبارەی دادگای سامان یاسین و ڕێگری لە دەرمان کردنی ناوبراو کە تووشی نەخۆشی میزی خوێناوی بووە

کۆبوونەوەی پێداچوونەوە بە تۆمەتەکانی سامان یاسین، هونەرمەندی دەستبەسەرکراوی کورد و خەڵکی شاری کرماشان، بۆ جاری سێیەم دوا خرا. ئەم هونەرمەندە دوای ئەوەی یەک س

٢ خەزەڵوەر ٢٧٢٣، ١٤:٠٢

 

هەنگاو سێشەممە ٢ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣

کۆبوونەوەی پێداچوونەوە بە تۆمەتەکانی سامان یاسین، هونەرمەندی دەستبەسەرکراوی کورد و خەڵکی شاری کرماشان، بۆ جاری سێیەم دوا خرا. ئەم هونەرمەندە دوای ئەوەی یەک ساڵ و ٢٢ ڕۆژ دەستبەسەر بووە و ئەشکەنجە کراوە، تووشی نەخۆشی میزی خوێناوی بووە و باری تەندروستی ناجێگیرە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ١ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ (٢٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣) دانیشتنی پێداچوونەوە بە دۆسیەی سامان یاسین کە دەبوو لە لقی ٢٨ی دادگای گشتی و شۆڕشی تاران لەلایەن دادوەر عەموزادە بەڕێوەبچێت، بە هۆکاری نادیار هەڵوەشێندرایەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتریش، ڕۆژی ١٨ی بانەمەڕی ٢٧٢٣، بەڕێوەچوونی دادگای سامان یاسین هەڵوەشێندرایەوە. هەروەها جارێکی دیکەش، ڕۆژی ١٨ی خەرمانانی ئەم ساڵ بە بیانووی " سەفەری مەئموریەتی دادوەر سەڵەواتی" دادگای ناوبراو بەڕێوەنەچوو.

ئەم هونەرمەندە پێشتر نزیک لە بەڕێوەچوونی دادگاییەکەی، جەختیکردبووە کە: پارێزەرەکان و هەواڵنێرەکانی ناوخۆ و نێودەوڵەتی لەم دادگایە ئامادە بن داواکاری ئامادە بوونیان خۆیان بە زووترین کات، بە نووسراوی بۆ دادوەر سەڵەواتی و کاربەدەستان و دیوان بنێرن.

سامان یاسینی ڕایگەیاند کە ڕەتکردنەوەی چەند جارەی دادگای ناوبراو و هەروەها سەرپێچی لە گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە، کارێکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە ئامانجی ئەوە دەکرێ کە "جەستە و دەروونی تێک بدەن"

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی سامان یاسین، ئەم بەندکراوە سیاسییە بە نەخۆشی میزی خوێناوی تووشبووە و لە میز کردندا ئازارێکی زۆری هەیە؛ سەرەڕای ئەوەیکە وەڵامی کۆمسیۆنی پزیشکی ناوبراو نەنێردراوەتەوە، ڕێگریش لە گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی بەندیخانە دەکرێت.

سامان یاسین ڕۆژی ١١ی گەلاوێژی ٢٧٢٣، لە بەندیخانەی ڕەجاییشار بەپەلە لەگەڵ هەندێک لە بەندکراوانی سیاسی بۆ بەندی هەشتی بەندیخانەی ئەوین گواسترانەوە و دواتر، لە ١٢ی خەرمانان بۆ بەندیخانەی قەزلحەساری کەرەج گواسترایەوە.

ئەم بەندکراوە سیاسییە، ٢٩ی گەلاوێژی ئەم ساڵ، بەبێ ئاگاداری و بەبێ کەلوپەلە تایبەتیەکانی خۆی لە بەشی ٣ی بەندیخانەی قەزەلحەساری کەرەج بۆ شوێنی بەندکراوانی تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە گواسترایەوە.

ئەم هونەرمەندە لە ٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، بە تۆمەتی "موحاربە" لەلایەن دادگای گشتی و شۆڕشی تاران بە لە سێدارەدران سزا درا. ئەو سزایە لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە پێشێڵ کراوە و دۆسیەکەی ناوبراو بە مەبەستی پێڕاگەیشتن بۆ لقی هاو تەریبی خۆی نێردراوە.

سامان سەیدی ناسراو بە سامان یاسین، ڕاپەڕ و ئاوازدانەری خەڵکی شاری کرماشان و دانیشتووی تاران، ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (٢ی ئوکتۆبەری ٢٠٢٢) بەهۆی پشتیوانی لە ناڕەزایەتی خۆپیشاندانە جەمارییەکان لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دوای لێپرسینەوە بۆ بەندیخانەی ڕەجاییشاری کەرەج گواسترایەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە