گیانلەدەستدانی دوو کرێکاری خەڵکی پیرانشار و بانە بەهۆی نەبوونی ئەمنیەتی کار لە شوێنی کارەکانیان

دوو کرێکاری بیناسازی بە ناوەکانی خەلیل ئاتەشفەراز، خەڵکی شاری پیرانشار و جەماڵ مەولوودی خەڵکی شاری بانە و ئەندامی سەندیکای کرێکارانی بیناسازیی ئەو

٣ خەزەڵوەر ٢٧٢٣، ٢١:٠٦

 

هەنگاو: چوارشەممە، ٣ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣

دوو کرێکاری بیناسازی بە ناوەکانی خەلیل ئاتەشفەراز، خەڵکی شاری پیرانشار و جەماڵ مەولوودی خەڵکی شاری بانە و ئەندامی سەندیکای کرێکارانی بیناسازیی ئەو شارە، بەهۆی نەبوونی ئەمنیەتی کاری لە شوێنی کارەکانیان و ڕووداوی کار، گیانیان لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی سێشەممە، ٢ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ (٢٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣)، خەلیل ئاتەشفەراز، کرێکاری خەڵکی شاری پیرانشار، لە نهۆمی سێیەمی باڵەخانەیەکی نیوەکارە کەوتووەتە خوارەوە و گیانی لەدەست داوە.

ڕۆژێک پێشتریش، واتە ڕۆژی دووشەممە، ١ی خەزەڵوەر، کرێکاری دیکە بە ناوی جەماڵ مەولوودی و خەڵکی شاری بانە، دوای ئەوەی یەک مانگ لەژێر چاودێریی پزیشکی لە نەخۆشخانەیەکی شاری تەورێز بووە، گیانی لەدەست داوە. کرێکارە پێشتر لە کاتی کارکردن بە سانابەری (بالابر) کەرەستەی بیناسازی تووشی ڕووداوێکی نەخوازراو و بەسەختی بریندار بووە.

شایانی باسە کە زۆرترین ڕێژەی ڕووداوی کار و گیانلەدەستدان بەهۆی ڕووداوگەلی کار لە ئێراندا لەنێو کرێکارانی بیناسازییە کە لەو نێوانەشدا کەوتنە خوارەوە لە بەرزایی و لەسەر داربەند یان بەهۆی پێکەوتنی کەرەستەی ڕەق زۆرترین قوربانی لەنێو ئەو کرێکارانەدا کەوتووەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە نەبوونی سەندیکا و ڕێکخراوە سەربەخۆکان و هەروەها نەبوونی یاسایەکی ڕێکوپێکی گونجاو کە هەموو خاوەن کارەکان پابەندی بن و ڕەچاوکردنی ئەمنییەتی کار و تەندروستیی کارێکاران لە بەرچاو بگیردرێت، گرنگترین هۆکارگەلی هێنانەئارای ئەم بارودخەن.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە