دەستبەسەرکرانی شیلان میرزایی چالاکوانی مافی مرۆڤ لە وڵاتی تورکیا و مەترسی دیپۆرت کردنەوەی بۆ وڵاتی ئێران

شیلان میرزایی، چالاکی مافی مرۆڤ، خەڵکی شاری سەقز و پەنابەر لە وڵاتی تورکیا، لەلایەن پۆلیسی ئەم وڵاتەوە دەستبەسەر کراوە. ناوبراو لە ئێستادا بە شێوەیەکی کاتی بۆ

٤ خەزەڵوەر ٢٧٢٣، ٢٢:٠٢

 

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٤ی خوزڵوەری ٢٧٢٣

شیلان میرزایی، چالاکی مافی مرۆڤ، خەڵکی شاری سەقز و پەنابەر لە وڵاتی تورکیا، لەلایەن پۆلیسی ئەم وڵاتەوە دەستبەسەر کراوە. ناوبراو لە ئێستادا بە شێوەیەکی کاتی بۆ کەمپێکی تایبەت بە پەنابەران گواستراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٢ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ (٢٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣)، شیلان میرزایی، چالاکی مافی مرۆڤی خەڵکی شاری سەقز لەلایەن پۆلیسی وڵاتی تورکیاوە بە هۆکاری "چالاکی دژی کۆماری ئیسلامی" دەستبەسەر کراوە.

ناوبراو بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک ڕایگەیاند کە، هێزە ئەمنییەکانی تورکیا بەبێ هیچ ڕوونکردنەوەیەک لە شوێنی مانەوەی دەستبەسەریان کردووە. ناوبراو دووپاتی دەکاتەوە کە لە ئەگەری ناردنەوەی بۆ ئێران گیانی دەکەوێتە مەترسی، بەرپرسی ئەمەش وڵاتی تورکیایە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی میرزایی، شیلان میرزایی بۆ کەمپی "باندیرما" لە وڵاتی تورکیا گواستراوەتەوە. دەوترێت کە کەمپی باندیرما کەمپێکی کاتییە بۆ ئەو پەنابەرانەی کە بڕیاری دیپۆرت کردنەوەیان دراوە.

شایەنی باسە کە، شیلان میرزایی، چەند ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ هاوژینەکەی، بە هۆی گوشاری ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، بۆ پاراستنی گیانی خۆی وڵاتی ئێرانی بە جێهێشتووە و لە وڵاتی تورکیا داوای پەنابەری کردووە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو سەرەڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆی لە ئەگەری دیپۆرت کردنەوەی شیلان میرزایی بۆ وڵاتی ئێران و ئەگەری ئەشکەنجە و هەر شێوازە سزادانێکی دژی مرۆڤایەتی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، داوا دەکات کە ڕێکخراوەکان و ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ بەتایبەتی ناوەندەکانی پشتگیری لە پەنابەران سەرنجی زیاتر بخەنە سەر دۆسیەی ناوبراو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە