ئارمیتا گەڕاوەند گیانی لەدەست دا؛ تۆمارکردنی قوربانییەکی دیکەی حیجابی زۆرەملێ و کوشتنی حکوومەتی لە ئێران

ئارمیتا گەڕاوەند، کچێکی تەمەن ١٧ ساڵی خەڵکی کرماشان کە ٢٨ ڕۆژ لەمەوبەر بەهۆی لێدانی هێزە ئەمنییەکانی پاراستنی حیجابی زۆرەملێ لە میترۆی تاران، چووە حاڵەتی

٦ خەزەڵوەر ٢٧٢٣، ١١:٠٠

 

هەنگاو؛ شەممە ٦ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣

ئارمیتا گەڕاوەند، کچێکی تەمەن ١٧ ساڵی خەڵکی کرماشان کە ٢٨ ڕۆژ لەمەوبەر بەهۆی لێدانی هێزە ئەمنییەکانی پاراستنی حیجابی زۆرەملێ لە میترۆی تاران، چووە حاڵەتی کۆما و بۆ نەخۆشخانەی فەجری هێزی ئاسمانی تاران گواسترایەوە، ئەمڕۆ گیانی لەدەست دا. ئارمیتا لەم دوایییانەدا تووشی مردنی مێشکی ببوو و پزیشک و دوکتۆرەکان هیچ هیوایەکیان بە چارەسەرکردنی نەمابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە ٦ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ (٢٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ (ئارمیتا گەڕاوەند، کچێکی تەمەن ١٧ ساڵ، خەڵکی کرماشان و دوایین قوربانیی حیجابی زۆرەملێ، پاش ٢٨ ڕۆژ لەژێر چاودێریی پزیشکی لە نەخۆشخانەی فەجری تاران، گیانی لەدەست دا.

بە لەبەرچاوگرتنی کوژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی و شاردنەوە و ئاشکرانەکردنی ڕاستییەکان و هەروەها نەبوونی هیچ متمانەیەک بە ناوەندە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی، پێشتر ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بۆ ڕوونبوونەوەی ڕاستییەکان لەسەر دۆخی ئارمیتا گەڕاوەند، خوازیاری ئەوە بوو کە تیمێکی پزیشکیی سەربەخۆی پێکهاتوو لە پزیشکانی بێسنوور و کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور (نووسینگەی خاچی سوور لە تاران) بە ئامادەبوونی نوێنەری کۆمیتەی بەدواداچوون بۆ دۆزینەوەی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر دۆخی ئێران، لێکۆڵینەوە و بەدواداچون بکەن. بەڵام ناوەندە ئەمنییەکان نەک هەر ڕێگەیان بە پێکهێنانی لیژنەی بەدواداچوون بۆ ڕاستییەکان نەدا، بەڵکوو ئەو ڕۆژنامەنووسە سەربەخۆگەلەش کە بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی ئارمیتا چوونەتە نەخۆشخانەی فەجر، دەستبەسەر کردووە.

ئارمیتا گەڕاوەند، لە ١٣ خاکەلێوەی ٢٧٠٦ (١٣٨٥ هەتاوی) لەدایک بووە. لە کاتێکدا بۆ نەخۆشخانە گوستراوەتەوە، پێش لەوەی کە لەلایەن هێزەکانی پاراستنی حیجابی زۆرەملێیەوە هێرش بکرێتە سەری و لێی بدرێت، باری تەندروستیی جەستەیی و دەروونیی ناوبراو بەتەواوەتی جێگیر بووە و بەگوێرەی نوێترین زانیارییەکان؛ "دانی سێ"ی وەرزشی تایکواندۆی هەبووە و لەم دوایییانەشدا وەکوو ئەندامی تیمی "ئاناهید ڕەزم"ی تاران پشتوێنی "پووم یەک"ی بەدەست هێناوە.

لە ماوەی ٢٨ ڕۆژی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بڵاوکردنەوەی کەم کەمی و هێواش هێواشی هەواڵی ئارمیتا گەڕاوەند و بانگەشەی " دابەزینی پەستانی خوێن"ی ناوبراو لە میترۆ، هەوڵی دا کوشتنی حکوومەتیی ئەم کچە مێرمنداڵە کوردە چەواشە بکات.

هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا جەختی لەوە کردبووەوە کە ژووری چاودێریی کامێرا چاودێرییەکانی نەخۆشخانەی فەجر کە لەژێر چاوەدێری و کۆنترۆڵی بەشی پارێزگاریی (حفاظت) ئەرتەش بووە و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستی بەسەردا گیراوە و لە کۆتاییی ڕۆژەکانیشدا هەموو ڤیدیۆ تۆماکراوەکانی کامێراکان دەسڕنەوە.

دوای گواستنەوەی ئەو کچە مێرمنداڵە بۆ نەخۆشخانە، هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستیان کرد بە پاراستنی ڕاستییەکان وەک نهێنی، بڵاوکردنەوەی زانیاریی چەواشەکارانە و هەروەها بە چڕوپڕی هەواڵە ڕاستەکانیان سانسۆر دەکرد. لەنێو ئەم هەوڵانەشدا دەتوانین ئاماژە بە ناچارکردنی هاوپۆل و هاوڕێکانی ئارمیتا و دایک و باوکی ئارمیتا گەڕاوەند بکەین کە حکوومەت ناچاریانی کردبوو سیناریۆ داڕێژراوە ئەمنییەتییەکانی ناوەندە حکوومەتییەکان لە پێش کامێرای ڕایگەیاندنە حکوومەتییەکاندا بڵێنەوە.

شایانی باسە کە سەرەڕای ئەوەی کە شوێنی ڕووداوەکە کامێرای زۆری چاودێریی جۆراوجۆری تێدایە، بەڵام بەرپرسە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی قەت ڤیدیۆی کامڵی ئەو شوێنە و ڕووداوەیان بڵاو نەکردەوە کە ئارمیتا گەڕاوەند لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی پاراستنی حیجابی زۆرەملێیەوە لێی درابوو و ئەو کارەساتەیان بەسەردا هێنا.

لەم پەیوەندییەدا لانی کەم لە جارێک ئەندامانی بنەماڵەی ئارمیتا دەستبەسەر کراون و ئێوارەی پێنجشەممە، ١٣ ڕەزبەری ٢٧٢٣، شەهین ئەحمەدی، دایکی ئارمیتا دوای ٢٤ کاتژمێر بە وەرگرتنی بەڵێننامە (بە ناوەڕۆکی یاساییی ناڕوون) لەسەر بڵاونەکردنەوەی هیچ جۆرە زانیارییەک لەسەر کچەکەی، ئازاد کرا و بۆ نەخۆشخانەی "فەجر"ی تاران گەڕێندرایەوە.

بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، ٩ی ڕەزبەری ٢٧٢٣ (١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣)، ئارمیتا گەڕاوەند، تەمەن ١٧ ساڵ، بەڕەچەڵەک خەڵکی کرماشان و دانیشتووی شرای تاران، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی میترۆی "شوهدا"ی تاران بەهۆی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی پاراستنی حیجابی زۆرەملێیەوە هێرش کرایە سەری و لەو کاتەوە تاکوو ساتی گیانبەختکردنی لە نەخۆشخانەی "فەجر"ی ئەو شارە لەژێر چاودێریی چڕوپڕی ئەمنییەتیدا بووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە