بەیاننامەی هەنگاو سەبارەت بە ئیدانەکردنی کوشتنی ئارمیتا گەڕاوەند لەلایەن حکوومەتی ئێرانەوە

ئارمیتا گەڕاوەند (١٣ خاکەلێوەی ٢٧٠٦، کرماشان - ٦ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣، تاران)، هاووڵاتییەک کە لە ڕێکەوتی ٩ی ڕەزبەری ٢٧٢٣، دوای ئە

٦ خەزەڵوەر ٢٧٢٣، ١٧:٤٣

 

بەیاننامەی هەنگاو سەبارەت بە ئیدانەکردنی کوشتنی ئارمیتا گەڕاوەند لەلایەن حکوومەتی ئێرانەوە

ئارمیتا گەڕاوەند (١٣ خاکەلێوەی ٢٧٠٦، کرماشان - ٦ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣، تاران)، هاووڵاتییەک کە لە ڕێکەوتی ٩ی ڕەزبەری ٢٧٢٣، دوای ئەوەی کە بەهۆی ڕەچاونەکردنی یاسای حیجابی زۆرەملێ لە میترۆی شاری تاران و بە لێدانی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بێهۆش بوو و لە نەخۆشخانەی فەجر کە سەر بە زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامییە، لەژێر چاودێریی پزیشکیدا بووە و چووە کۆما و دوای ٢٨ ڕۆژ گیانی لەدەست دا. ناوبراو قوتابیی پۆلی یازدەیەمی هونەرستانی تاران بوو.

ئێمە وەک ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کوژرانی ئارمیتا گەڕاوەند لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ئیدانە و شەرمەزار دەکەین، هەروەها لەسەر کوژرانی ئارمیتا گەڕاوەند و گوشار و ئازار و دانپێدانانی زۆرەملێی بنەماڵەکەی، عەلی خامنەیی بە بەرپرسیاری یەکەم دەزانین. کوژرانی مێرمنداڵێک بەهۆی دەربڕینی ئازادیی تاکەکەسی و مافی هەڵبژاردنی چۆنیەتیی لەبەرکردن و حیجاب یان ڕەچاونەکردنی حیجاب، پێشێلکارییەکی جددیی مافەکانی مرۆڤە.

مافی هەڵبژاردنی چۆنیەتیی لەبەرکردن و حیجاب یان ڕەچاونەکردنی حیجاب، مافێکە پێویستە هەموو مرۆڤێک بەبێ هیچ ترس و دڵەڕاوکێیەک یان بەبێ ئەوەی کە هیچ هەڕەشەیەکی لەسەر بێت، پابەندی بێت. کوشتنی کەسێک لەسەر پێشێلکردنی یاسایەکی لەو شێوەیە نەک هەر پێچەوانەی بنەماکانی مافی مرۆڤە، بەڵکوو ڕێزنەگرتن لە ژیانی مرۆڤ و مرۆڤایەتیشە.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەو چاوەڕوانییەمان هەبێت کۆماری ئیسلامیی ئێران بەدواداچوون بۆ ئەم دۆسیەیە بکات و تاوانباران بناسێنێت و سزادان بدات، دوورە لە چاوەڕوانی و بە لەبەرچاوگرتنی کوژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و شاردنەوە و ئاشکرانەکردنی ڕاستییەکان و هەروەها نەبوونی هیچ متمانەیەک بە ناوەندە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی، پێشتر ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بۆ ڕوونبوونەوەی ڕاستییەکان لەسەر دۆخی ئارمیتا گەڕاوەند، خوازیاری ئەوە بوو کە تیمێکی پزیشکیی سەربەخۆی پێکهاتوو لە پزیشکانی بێسنوور و کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور (نووسینگەی خاچی سوور لە تاران) بە ئامادەبوونی نوێنەری کۆمیتەی بەدواداچوون بۆ دۆزینەوەی ڕاستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر دۆخی ئێران، لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بکەن.

لە کۆتاییشدا داوا لە کۆمەڵگە نێونەتەوەیی و نێودەوڵەتی و هەروەها دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین کە گوشاری زیاتر بخەنە سەر حکوومەتی ئێران بۆ پابەندبوون و ڕەچاوکردنی مافە سەرەتایییەکانی مرۆڤ لە ئێراندا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە