تێکچوونی باری تەندروستیی سامان یاسین دوای مانگرتن لە خواردنی دەرمانەکانی

سامان یاسین، ڕاپەر و ئاوازدانەری دەستبەسەرکراوی خەڵکی شاری کرماشان، دوای ماسوولکەڕەقی (تشنج) ناوبراو بەهۆی مانگرتن لە خواردنی دەرمانەکانی، بۆ دەرمانگەی ناو

٧ خەزەڵوەر ٢٧٢٣، ٠٩:٤٨

 

هەنگاو: یەکشەممە، ٧ی ڕەزبەری ٢٧٢٣

سامان یاسین، ڕاپەر و ئاوازدانەری دەستبەسەرکراوی خەڵکی شاری کرماشان، دوای ماسوولکەڕەقی (تشنج) ناوبراو بەهۆی مانگرتن لە خواردنی دەرمانەکانی، بۆ دەرمانگەی ناو بەندیخانەی قزڵحیسار گواسترایەوە و دوای چەند کاتژمێر جارێکی دیکە بۆ بەندیخانە گەڕێندرایەوە. هەروەها لەم دواییانەشدا تووشی نەخۆشی میزی خوێناوی بووە و دۆخی تەندروستیی ئەو بەندکراوە بەردەوام بەرەو خراپبوون دەڕوات.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ڕۆژی هەینی، ٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ (٢٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣)، سامان یاسین، بە نیشانەی ناڕەزایەتیی بەرانبەر بە ڕێگریی کاربەدەستان و بەرپرسانی بەندیخانەی قەزڵحیساری کەرەج لە ڕەوانەکردنی بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی بەندیخانە، دواخستنی دادگا و بەردەوامیی گوشارە جەستەیی و دەروونییەکان بۆ سەر ناوبراو، مانی لە خواردنی دەرمانەکانی گرتووە و ئێستاش باری تەندروستیی سامان ناجێگیرە.

هەر لەو پەیوەندییەدا کۆمەڵێک بەندکراوی سیاسیی دوورخراو کە لە یەکەی بەندی چواری ژووری ٢١ی هۆڵی ٢ی بەندیخانەی قەزڵحیسار بەند کراون، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک کە کۆپییەکی بە هەنگاو گەیشتووە، وێڕای ئاماژەدان بە ناجێگیربوونی دۆخی سامان و پەرەگرتنی نەخۆشیی میزی خوێناوی و ماسوولکەڕەقی سامان، ڕایگەیاندووە؛ هیچ هۆکار و پاساوێک بۆ بەردەوامیی دەستبەسەرکردنی سامان یاسین نییە.

ئەم بەندکراوانە سەرەڕای ئاماژەدان بە گواستنەوەی کورتخایەنی سامان یاسین بۆ دەرمانگەی بەندیخانە و گەڕاندنەوەی بۆ ژووری بەندیخانە، جەختیان لەوە کردەوە کە ئەو هونەرمەندە تووشی ڕشانەوە و سەرئێشە و لێڵیی بینایی بووە. هەروەها ئەو بەندکراوانە لەسەر دەرئەنجامەکانی پێڕانەگەیشتن بە دۆسیەی یاسایی و پزیشکیی سامان هۆشداریان داوە و ڕایانگەیاندووە: "ڕەنگە ئەو دۆخەی ئێستا بە کارەساتێکی مرۆیی کۆتایی پێ بێت".

سامان یاسین بە بەرپرسانی بەندیخانەی قەزەڵحیساری ڕاگەیاندووە؛ لە ئەگەری پێڕانەگەیشتن بە دۆسیەکەی لە ڕووی یاسایی و هەروەها ئەگەر لە ڕووی تەندروستیشەوە چارەسەری بۆ نەکرێت، بەردەوام دەبێت لە مانگرتن و نەخواردنی دەرمانەکانی.

پێشتریش واتە ڕۆژی دووشەممە ١ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ (٢٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣) دانیشتنی پێداچوونەوە بە دۆسیەی سامان یاسین کە دەبوو لە لقی ٢٨ی دادگای گشتی و شۆڕشی تاران لەلایەن دادوەر عەموزادە بەڕێوە بچێت، بە هۆکاری نادیار هەڵوەشێندرایەوە و دوا خرا. ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتریش، ڕۆژی ١٨ی بانەمەڕی ٢٧٢٣، بەڕێوەچوونی دادگای سامان یاسین هەڵوەشێندرایەوە. هەروەها جارێکی دیکەش، ڕۆژی ١٨ی خەرمانانی ئەم ساڵ بە بیانووی " سەفەری مەئموریەتی دادوەر سەڵەواتی" دادگای ناوبراو بەڕێوەنەچوو.

ئەم بەندکراوە سیاسییە بە نەخۆشیی میزی خوێناوی تووش بووە و لە میزکردندا ئازارێکی زۆری هەیە؛ سەرەڕای ئەوەی کە وەڵامی کۆمسیۆنی پزیشکیی ناوبراو نەنێردراوەتەوە، ڕێگریش لە گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی بەندیخانە دەکرێت.

سامان یاسین ڕۆژی ١١ی گەلاوێژی ٢٧٢٣، لە بەندیخانەی ڕەجاییشار بەپەلە لەگەڵ هەندێک لە بەندکراوانی سیاسیی دیکە بۆ بەندی هەشتی بەندیخانەی ئێڤین گواسترانەوە و دواتر، لە ١٢ی خەرمانان بۆ بەندیخانەی قەزلحیساری کەرەج گواسترایەوە.

ئەم هونەرمەندە لە ٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، بە تۆمەتی "موحارەبە" لەلایەن دادگای گشتی و شۆڕشی تاران سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە. ئەو سزایە لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە هەڵوەشێندرایەوە و دۆسیەکەی بە مەبەستی پێڕاگەیشتن بۆ لقی هاوتەریبی خۆی ڕەوانە کرایەوە.

سامان سەیدی ناسراو بە سامان یاسین، ڕاپەڕ و ئاوازدانەری خەڵکی شاری کرماشان و دانیشتووی تاران، ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ (٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) بەهۆی پشتیوانی لە ناڕەزایەتییە جەمارییەکان لە ماڵەکەی خۆیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دوای لێپرسینەوە بۆ بەندیخانەی ڕەجاییشاری کەرەج گواسترایەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە