برینداربوونی زیاتر لە ١٠ کۆڵبەر بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری نەوسوود

هێزە چەکدارەکانی ئێران کە لە سنووری شارۆچکەی نەوسوود تەقەیان لە کاروانێکی کۆڵبەرەکان کردووە و لە ئاکامی ئەم دەستڕێژەدا لانی کەم ١٠ کۆڵبەر بریندار بوون. ناسنام

٧ خەزەڵوەر ٢٧٢٣، ١١:٢٩

 

هەنگاو: یەکشەممە، ٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣

هێزە چەکدارەکانی ئێران کە لە سنووری شارۆچکەی نەوسوود تەقەیان لە کاروانێکی کۆڵبەرەکان کردووە و لە ئاکامی ئەم دەستڕێژەدا لانی کەم ١٠ کۆڵبەر بریندار بوون. ناسنامەی یەکێک لەو کۆڵبەرانە بە ناوی ئارمان سەلیمی بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ شەوی شەممە، ٦ی خەەڵوەری ٢٧٢٣ (٢٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣)، زیاتر لە ١٠ کۆڵبەر کە زۆربەیان خەڵکی شارەکانی سەلاسی باوەجانی و جوانڕۆ سەر بە پارێزگای کرماشان بوون، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار بوون.

ناسنامەی یەکێک لە کۆڵبەرە بریندارەکان بە ناوی ئارمان سەلیمی، تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵکی شاری مەریوان بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە و هێشتا ناسنامەی کۆڵبەرەکانی دیکە ئاشکرا نەکراوە و هەنگاو خەریکی بەدواداچوونە و لە ئەگەری بەدەستهێنانی هەر جۆرە زانیارییەک لەم بارەیەوە، ڕای گشتیی لێ ئاگادار دەکاتەوە.

بەگوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆ و زانیارییانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراونەتەوە، کۆڵبەرە بریندارەکان بە مەبەستی تیمارکردن و چارەسەریی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی قودس لە شاری پاوە گواستراونەتەوە.

شایانی باسە کە هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستیان بەسەر کەرەستە و کەلوپەلەکانی ئەو کۆڵبەرانەدا گرتووە و بەشێک لە کۆڵەکانیان لە بەرزاییی سنوورەکانی "تەتە"ی هەورامان سووتاندووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە