بانگکران و هەڕەشەکردنی ناوەندە ئەمنییەکان لە حەسەن دەرئۆفتادە، باوکی کۆمار دەرئۆفتادە لە بەرەبەرەی ساڵیادی گیانبەختکردنی کوڕەکەی

حەسەن دەرئۆفتادە ، باوکی کۆمار دەرئۆفتادە مێرمنداڵی تەمەن ١٦ ساڵ کە لە ڕەوتی بزوتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان لە

٧ خەزەڵوەر ٢٧٢٣، ٢٢:٢١


هەنگاو؛ یەکشەممە ٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣

حەسەن دەرئۆفتادە ، باوکی کۆمار دەرئۆفتادە مێرمنداڵی تەمەن ١٦ ساڵ کە لە ڕەوتی بزوتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان لە پیرانشار کوژرا، جارێکی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بانگکرا و سەبارەت بە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسم بۆ ساڵیادی گیانبەختکردنی منداڵەکەی هەڕەشەی لێکرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ (٢٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣)، حەسەن دەرئۆفتادە ، باوکێکی دادخوازی خەڵکی پیرانشار دوای بانگکران و ڕۆیشتن بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار، بۆ ماوەی دوو کاتژمێر لێپرسینەوەی لەگەل کراوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بە حەسەن دەرئۆفتادە هۆشداری دراوە کە هیچ چەشنە باسێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە نزیکی ساڵیادی کۆمار بڵاو نەکاتەوە. هەروەها ناوبراو سەبارەت بە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ساڵیادی کوژرانی کۆمار هەڕەشەی لێکراوە.

پێشتر واتە ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی گەلاوێژی ئەمساڵ، هاوکات لەگەڵ ساڵڕۆژی لە دایکبوونی کۆمار دەرئۆفتادە ، حەسەن دەرئۆفتادە و هاجەر بەرزەنجی، دایک و باوکی کۆمار و ماردین، ژێکاف، میدیا و ئەفسانە دەرئۆفتادە ، منداڵەکانی دیکەی ئەو بنەماڵەیە لە ڕێگەی گۆڕستانی گوندی "زێوکە"، شوێنی گڵکۆی کۆمار دەستبەسەرکران.

هەروەها باوکی کۆمار ڕۆژی شەممە ٢١ی گەلاوێژیش لەلایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە بانگکرابوو. ئەو باوکە دادخوازە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا چەند جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بانگکراوە و هەڕەشەی لێکراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە