برینداربوونی سێ کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان، کۆڵبەرێک بەهۆی سەختی برینەکانییەوە کەوتە کۆماوە

سێ کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سنووری نەوسوود بەسەختی بریندارکران. یەکێک لەو کۆڵبەرانە بەناوی عیرفان.

٩ خەزەڵوەر ٢٧٢٣، ٢٠:٢٣

 

هەنگاو؛ سێشەممە ٩ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣

سێ کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سنووری نەوسوود بەسەختی بریندارکران. یەکێک لەو کۆڵبەرانە بەناوی عیرفان مورادی چووەتە کۆماوە و لە نەخۆشخانە خەوێندراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی دووشەممە ٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ (٣٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣)، عیرفان مورادی، کۆڵبەری گەنجی خەڵکی شاری جوانڕۆ بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی سنووری نەوسوود بریندارکرا و کەوتە کۆماوە.

ئەو کۆڵبەرە کە باوکی سێ منداڵە، سەری بەسەختی بریندار بووە و دوای گواستنەوەی بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی پاوە، بەهۆی سەختی برینەکانییەوە بۆ نەخۆشخانەی تاڵقانی کرماشان گواستراوە. ئەو کۆڵبەرە بە بەشی چاودێریی چڕی ئەو نەخۆشخانەیە خەوێندراوە و باری تەندروستی ناجێگیرە.

پێشتر واتە ڕۆژی شەممە ٦ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣، لانی کەم دوو کۆڵبەر بەناوەکانی مەسعەب کاکایی خەڵکی گوندی "ئەورازە"ی سەر بە شاری سەلاسی باوەجانی و سەلاح ئەحمەدی خەڵکی گوندی "حەشەمەر"ی ئەو شارە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی سنووری لە سنووری نەوسوود بریندارکران.

شایەنی باسە کە مەسعەب کاکایی، پشت و کەمەری بە تەقەی ڕاستەوخۆی چەکی ساچمەیی هێزە چەکدارەکانی حکومەت بە سەختی بریندارکراوە.

هەنگاو پێشتر هەواڵێکی لەسەر برینداربوونی لانی کەم ١٠ کۆڵبەر لە ڕۆژی شەممەدا بڵاوکردبووەوە کە هەتا ئێستا ناسنامەی سێ کەسیان ئاشکرا کراوە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە