دەستبەسەرکردنی ٣٠٣ هاووڵاتی لە مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی ئێرانەوە

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی مانگی ئاگۆستی ٢٠٢٣، لانی کەم

١٠ خەزەڵوەر ٢٧٢٣، ٢٠:٥٠

 

هەنگاو: چوارشەممە، ١٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ماوەی مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، لانی کەم ٣٠٣ هاووڵاتی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی ئێرانەوە لە سەرانسەری ئەو وڵاتەدا دەستبەسەر کراون. ئەم ئامارە بە بەراورد لەگەڵ مانگی پێشووتر (سێپتەمبەر) کە ٤٦٣ هاووڵاتی دەستبەسەر کرابوون، ١۶٠ حاڵەت کە دەکاتە ٣٤.٥٪ کەمی کردووە.

بەپێی ئەم ئامارە، لە ماوەی مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣دا لانی کەم ٤١ هاووڵاتیی کورد، ١٨٤ هاووڵاتیی بەلووچ، هەروەها ٢٣ هاووڵاتیی ژن، ٤٧ هاووڵاتیی منداڵ و ١٧ هاووڵاتیی بەهایی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون یان ڕفێندراون.

 

زیاتر لە ٧٤٪ی دەستبەسەرکراوان لە هەموو ئێراندا هاووڵاتیی کورد و بەلووچ بوون

بەپشتبەستن بە ئاماری هەنگاو، لە ماوەی مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣دا لانی کەم ١٨٤ هاووڵاتیی بەلووچ لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون کە دەکاتە ۶١٪ کۆی گشتیی دەستبەسەرکراوانی ئەم مانگە لە سەرانسەری ئێراندا.

هەروەها لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا، لانی کەم ٤١ هاووڵاتیی کورد کە دەکاتە ١٣.٥٪ی سەرجەم دەستبەسەرکراوەکان، ۵ هاووڵاتیی لوڕ و بەختیاری و ۶ هاووڵاتیی تورک دەستبەسەر کراون.

 

دەستبەسەرکردنی پەیڕەوانی کەمینە ئایینییەکان

دەستبەسەرکردنی پەیڕەوانی کەمینە ئایینییەکان لە مانگی ئۆکتۆبەردا وەک مانگەکانی پێشووتر لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە بەردەوام بووە و لە ماوەی ئەو مانگەشدا لانی کەم ٢٩ چالاکی ئایینی لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

هەر بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ١٧ کەس لەو چالاکە ئایینییانەی دەستبەسەر کراون، پەیڕەوی ئایینی بەهایی بوون کە ١٣ کەسیان ژن و ٤ کەسیشیان پیاو بوون. هەروەها لە ماوەی ئەو مانگەدا لانی کەم ١٠ چالاکی سوننە لە شارە جیاجیاکانی بەلووچستان و دەروێشێکی گونابادی و هاووڵاتییەکی پەیڕەوی ڕەوتی یەریمانی دەستبەسەر کراون.

 

دەستبەسەرکردنی ٢٣ ژن و ٤٧ منداڵ لە مانگی ئۆکتۆبەردا

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانی کەم ٢٣ ژن لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانی ئێرانەوە لە سەرانسەری ئەو وڵاتە دەستبەسەر کراون کە دەکاتە ٧.٥٪ی کۆی گشتیی دەستبەسەرکراوان.

شایانی باسە کە مانگی ڕابردوو، لانی کەم ١٣ ژنی چالاکی بەهایی لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

هەروەها لەم ماوەیەدا لانی کەم ٤٧ منداڵی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ لە سەرانسەری ئێران لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون یان ڕفێندراون.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ٤۵ کەس لەو منداڵانەی دەستبەسەر کراون بەلووچ و ٢ منداڵیش کورد بوون.

 

بەندکرانی مامۆستایان، خوێندکاران، هونەرمەند، ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی ڕاگەیاندن

بەپشتبەستن بە ئاماری هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانی کەم ٨ خوێندکار لە شارەکانی کەرەج، زاهیدان، تاران، بەمپوور، سنە و مەهاباد و هەروەها ٧ مامۆستای قوتابخانە لە شارەکانی شیراز، نەوشەهەر، فەنوج، نەجەفاوا و تاران لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

شایانی باسە کە لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانی کەم ٧ ڕۆژنامەنووس و چالاکی ڕاگەیاندن و هەروەها ٣ هونەرمەند و ئەکتەر لە شارە جیاوازەکانی کوردستان و ئێران لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

 

کە ناسنامەی سەرجەم ئەو ٣٠٣ کەسە لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو تۆمار کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە