ئازادکردنی ئیحسان محەممەدی و شاهۆ بەرهەم، لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان ئازادی

دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری شنۆ بە ناوەکانی ئیحسان محەممەدی، مێرمنداڵی تەمەن ١٦ ساڵ و شاهۆ بەرهەم، تەمەن ٢٠ ساڵ کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژ

١٣ خەزەڵوەر ٢٧٢٣، ١٠:٠٧

 

هەنگاو: شەممە، ١٣ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣

دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری شنۆ بە ناوەکانی ئیحسان محەممەدی، مێرمنداڵی تەمەن ١٦ ساڵ و شاهۆ بەرهەم، تەمەن ٢٠ ساڵ کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا دەستبەسەر کرابوون، دوای نزیکەی ساڵێک و مانگێک دەستبەسەربوون، بە دانانی بارمتە ئازاد کران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی چوارشەممە، ١٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ (١ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣)، ئیحسان محەممەدی، مێرمنداڵی تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی شاری شنۆ، بە دانانی بارمتەی یەک ملیار تمەنی و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییی دادگاییکردنەکەی، لە ناوەندی چاکسازی و پەروەردەکردنی ئورمیە ئازاد کراوە.

ئەم مێرمنداڵە لە مانگی خەرمانانی ئەمساڵ لەلایەن لقی ٣ی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی گشتی لە ڕێگەی بەشداری لە ناڕەزایەتییەکان و هەروەها سووتاندن و لەناوبردنی موڵک و ماڵی گشتی (موحارەبە) " تۆمەتبار کرا و بەهۆی ئەوەی کە تەمەنی نەگەیشتووەتە ١٨ ساڵ، دۆسیەکەی ڕەوانەی دادگای تاوانەکانی ١ی بەتایبەت بە تاوانەکانی مێرمنداڵان کراوە.

ئیحسان محەممەدی، تەمەن ١٦ ساڵ، لە ٢١ی ڕەزبەری ٢٧٢٢، دوای ئەوەی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ بانگ کراوە، دەستبەسەر کراوە و دواتر بۆ ئورمیە گواستراوەتەوە.

هەر لەو ڕۆژەدا، واتە ڕۆژی چوارشەممە ١٠ خەزەڵوەر، شاهۆ بەرهەم، هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی شاری شنۆ، بە دانانی بارمتەی یەک ملیار تمەنی و بە شێوەی کاتی تا کۆتایی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ئورمیە ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە لاوەش لە ١٩ی ڕەزبەری ٢٧٢٢ و لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە شاری شنۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دواتر بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەو هێزانە لە ئورمیە و پاشانیش بۆ بەندیخانەی ئورمیە گواسترایەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە