مەترسیی جددی ڕادەستکردنەوەی بنەماڵەیەکی پەنابەری کورد لە تورکیا بۆ ئێران

ڕەحیم (شارام) ئەلیاسی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەریوان و پەنابەرێکی دانیشتووی وڵاتی تورکیا لەگەڵ بنەماڵەکەی مەترسیی ئەوەیان لەسەرە ڕادەستی ئێران بکرێن

١٣ خەزەڵوەر ٢٧٢٣، ١٠:٥١

 

هەنگاو: شەممە، ١٣ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣

ڕەحیم (شارام) ئەلیاسی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەریوان و پەنابەرێکی دانیشتووی وڵاتی تورکیا لەگەڵ بنەماڵەکەی مەترسیی ئەوەیان لەسەرە ڕادەستی ئێران بکرێنەوە. ناوبراو یەکێک لەو پەناخوازە سیاسییانەیە کە پێشتریش هەواڵی مەترسیی ڕادەستکردنەوەی بە ئێران لەسەری بڵاو کراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە دەستی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی دووشەممە، ١ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ (٢٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣)، ئیدارەی کۆچبەرانی تورکیا پەیوەندیی بە ڕەحیم (شارام) ئەلیاسی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و لەیلا ڕاوەند، هاوژینی شارام کردووە و ئاگاداریان کردوونەتەوە کە ئاکام و وەڵامی چاوپێکەوتنەکانیان بۆ وەرگرتنی پەنابەری دوای ١٠ ساڵ لەم وڵاتە، نەرێنییە و داخوازییەکەیان ڕەت کراوەتەوە.

لەم پەیوەندییەدا ڕەحیم ئەلیاسی ڕایگەیاند؛ ئەم وەڵامە نەرێنییە بەبێ هیچ هۆکارێکی لۆژیکی و یاسایی پێمان ڕایگەیەندراوە و وتی: لەو ڕێکەوتەی ئاگادارمانیان کردووەتەوە، تەنیا ماوەی ١٠ ڕۆژ کات هەیە بۆ ئەوەی ناڕەزایەتیی یاسایی دەرببڕین.

ئەم بەندکراوە سیاسییەی پێشوو و پەناخوازە کوردە لەم بارەیەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند: "لە ساڵی ٢٠١٤ەوە هاتوومەتە وڵاتی تورکیا و لە پارێزگای وان ناوم تۆمار کردووە، لە ساڵی ٢٠١٥یش وەڵامی ئەرێنی و وەرگیرانم لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وەرگرتووە. دوای تێپەڕبوونی ماوەی ٨ ساڵ بەسەر وەرگرتنی وەڵامی ئەرێنی و وەرگیرانم و هەروەها نزیکەی ١٠ ساڵ چاوەڕوانی لە تورکیا، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەنقەرە، وێڕای ئەوەی کە هیچ کارێکیان نەکردووە بۆ ئەوەی من و بنەماڵەکەم بگواستنەوە بۆ وڵاتێکی ئەمن؛ لەبری ئەوەش ئەو هەموو ساڵە ئازار و ناخۆشییان بەسەر بنەماڵەکەمدا سەپاندووە".

شایانی باسە کە ١٠ ساڵ لە پەنابردنی ئەم پەنابەرە سیاسییە لەگەڵ هاوژین و دوو کچە منداڵەکەی بۆ وڵاتی تورکیا تێپەڕ دەبێت و لە ساڵی ٢٠١٥ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نووسینگەی ئەنقەرە، وەک پەنابەر وەرگیراون.

ڕەحیم ئەلیاسی لە ڕێکەوتی ١٧ی ڕەزبەری ساڵی ٢٧٠٨ لە شاری مەلارد سەر بە پارێزگای تاران دەستبەسەر کراوە و پاش ٦٠ ڕۆژ لە بەندی تاکەکەسیی دەستبەسەرگەی سوپای پاسداران لە بەندیخانەی ڕەجاییشار، لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی شاریار بە تۆمەتی "هەوڵدان بە دژی ئاسایشی نیشتمانی"، سزای ١١ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.

ئەم هاووڵاتییە پاش تێپەڕکردنی ٦ ساڵ دەستبەسەربوون لەو ماوەیە بەسەریدا سەپاوە لە بەندیخانەی ڕەجاییشار، بەندی ٣٥٠ی ئێڤین و پاشان بەندیخانەی مەریوان، بە دانانی بارمتەی ١٠٠ ملیۆن تمەنی و بە مۆڵەتی ١٥ ڕۆژە لە بەندیخانەی ڕەجاییشاری کەرەج ئازاد کراوە و دواتر ناوبراو بۆ هەتاهەتایە ناچار بە جێهێشتنی ئێرانی بوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە