برینداربوونی پێنج کۆڵبەر لە سنووری سەقز و دەستبەسەرکردنی ١٠ کۆڵبەری دیکە

هێزە چەکدارەکانی ئێران جێگیر لە سنووری بەسامی سەقز پازدە کۆڵبەریان داوەتە بەر دەستڕێژی گوللە و لە ئەنجامدا پێنج کەسیان بە سەخت

١٣ خەزەڵوەر ٢٧٢٣، ١٢:٠٦


هەنگاو؛ شەممە ١٣ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣

هێزە چەکدارەکانی ئێران جێگیر لە سنووری بەسامی سەقز پازدە کۆڵبەریان داوەتە بەر دەستڕێژی گوللە و لە ئەنجامدا پێنج کەسیان بە سەختی بریندارکراون. دە کەس لەو کۆڵبەرانە بۆ دادگا گواستراونەتەوە و پێنج کۆڵبەرە بریندارەکە کە بە ناسنامەی سیامەک سوهرابی، هیوا، خالید، عەبدوڵڵا و کەیوان ئاشکرا کراون، بۆ نەخۆشخانە گواستراونەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ (٢ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣)، هێزەکانی هەنگی سنووری بەسامی سەقز، پێنج کۆڵبەریان بەناوەکانی سیامەک سوهرابی، هیوا، خالید، عەبدوڵڵا و کەیوان بە تەقەی ڕاستەوخۆ بریندارکردووە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکان دوای تەقەی ڕاستەوخۆ، لەسەر ڕێگەی گواستنەوەیان بەرەو نەخۆشخانەی شەفای سەقز ئەو کۆڵبەرانەیان داوەتە بەر لێدان و کوتان و لە ئاکامدا یەکێک لەو کۆڵبەرانە بەناوی هیوا بۆ بەشی چاودێری تایبەتی نەخۆشخانە گواستراوەتەوە و کۆڵبەرێکی دیکە بەناوی سیامەک، کە لە پشتی سەرەوە دراوەتە بەر دەستڕێژی هەشتا ساچمە بارودۆخی ناجێگیرە. هەروەها، ئەگەری گواستنەوەی یەکێک لەو کۆڵبەرە بریندارانە بەناوی عەبدوڵڵا بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی تەورێز لە ئارادایە.

هەروەها دە کۆڵبەری دیکە کە هەنگاو بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەیان بەدواداچوون دەکات، دوای دەستبەسەرکران بۆ دادگا گواستراونەتەوە و دۆخی یاسایی و ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵیان نادیارە.

ئەو کۆڵبەرانە لە حاڵێکدا لەلایەن هێزەکانی هەنگی سنووری بەسامی سەقز دەستبەسەر و بریندار کراون کە دوای سێ ڕۆژ هەوڵدانی بێ ئاکام بۆ بژێوی ژیانیان، بێ ئەوەیکە هیچ شت و مەکێکیان پێبێت خەریکی گەڕانەوە بەرەو سەقز بوون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە