مەترسیی ڕادەستکردنەوەی زانیار عەزیزینژاد، پەناخوازێکی سیاسیی کورد لە تورکیا بۆ ئێران

پەناخوازێکی سیاسیی دیکەی کورد بە ناوی زانیار عەزیزنژاد، چوار مانگ لەمەوبەر لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستبەسەر و بۆ کەمپی نیشتەجێبوونی کاتی گواسترایەوە

١٣ خەزەڵوەر ٢٧٢٣، ١٥:٤١

 

هەنگاو: شەممە، ١٣ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣

پەناخوازێکی سیاسیی دیکەی کورد بە ناوی زانیار عەزیزنژاد، چوار مانگ لەمەوبەر لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستبەسەر و بۆ کەمپی نیشتەجێبوونی کاتی گواسترایەوە و هەنووکەش مەترسی ڕادەستکردنەوەی ناوبراو بە ئێران زۆر جددییە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ زانیار عەزیزنژاد، تەمەن ٣٧ ساڵ و پەناخوازی سیاسیی خەڵکی شاری سەقز، لە ناوەڕاستی مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ لە وڵاتی تورکیا دەستبەسەر کراوە و بۆ کەمپی "کۆچلی" گواستراوەتەوە و هێشتا لەم کەمپەدا ڕاگیراوە.

بە وتەی کەسێکی بنەماڵەی عەزیزنژاد، ئەم پەنابەرە کوردە کە باوکی دوو منداڵە، کاتێک گەیشتە تورکیا، بە مەبەستی چوون بەرەو ئەورووپا لە نزیکی شاری ئیستەنبوڵ لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە دەستبەسەر کراوە.

شایانی باسە کە ناوبراو ئەندامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانە و ماوەی چوار ساڵە لە هەرێمی کوردستان چالاکی سیاسیی کردووە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆی لەسەر ئەگەری ڕادەستکردنەوەی زانیار عەزیزینژاد و پەناخوازانی دیکەی کورد بۆ ئێران و هەروەها لە وەها ئەگەرێکدا ئەشکەنجە و هەر جۆرە سزایەکی نامرۆڤانە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، داوا لە سەرجەم ڕێکخراو و ناوەند و نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و بەتایبەت ڕێکخراوەکانی تایبەت بە پەنابەران دەکات سەرنجی زیاتر بەو پەناخوازانە بدەن کە مەترسیی ڕادەستکردنەوەیان لەسەرە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە