شازدەیەمین ساڵی بەندکرانی بێ مافی مەرەخەسیی خالید زەمانی، بەندکراوی سیاسی کورد لە یەزد

خالید زەمانی، بەندکراوی سیاسی کورد کە لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ٣٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە، لە حاڵێکدا کە ٥٦٠٧ ڕۆژ یانی زی

١٥ خەزەڵوەر ٢٧٢٣، ٢١:١٩

 

هەنگاو؛ دووشەممە ١٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣

خالید زەمانی، بەندکراوی سیاسی کورد کە لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ٣٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە، لە حاڵێکدا کە ٥٦٠٧ ڕۆژ یانی زیاتر لە نیوەی سزاکەی خۆی تێپەڕ کردووە هێشتا لە مافی مەرەخەسی وەرگرتن بێبەشە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، خالید زەمانی، بەندکراوی سیاسی کورد، باوکی سێ منداڵی کچ و منداڵێکی کوڕ و خەڵکی شاری خۆی، بۆ ماوەی زیاتر لە ١٥ ساڵ و چوار مانگە کە بێ دەستڕاگەیشتن بە مافی مەرەخەسی وەرگرتن لە بەندیخانەی ناوەندیی یەزد ڕاگیراوە.

هەنگاو پێنج ساڵ پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە بارودۆخی خالید زەمانی، بە ئاماژە پێدان بە هاوڕابوونی بەندیخانەی یەزد و ئیدارەی ئیتلاعات لە خۆی لەگەڵ مەرەخەسی خالید زەمانی، و دژایەتی کردنی جێبەجێکردنی سزاکانی شاری خۆی لەگەڵ مافی مورەخەسی ئەو بەندکراوە، نووسیویەتی کە "تاکێکی یاسایی لە بەشی جێبەجێکرانی سزاکانی شاری خۆی وتوویەتی کە بە هۆکاری کوردبوون و سوننی بوونی خالید زەمانی، ئیزنی کەڵک وەرگرتن لە مافی مورەخەسی پێنادەن."

خالید زەمانی، ڕۆژی ١٠ی پووشپەڕی ساڵی ۲۷۰۸، لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەرکرا و دواتر لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر نەورۆزی، بەتۆمەتی" موحارەبە لە ڕێگەی ئەندامبوون لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان(پژاک) " سزای بڕینەوەی دەستی چەپ و لاقی ڕاستی بەسەردا سەپێندرا.

ئەو سزایە دوای ناڕەزایەتی دەربڕینی خالید زەمانی، بۆ دیوانی باڵای ئێران بەڕێکراوە و دوای ڕەدکردنەوەی، لە دادگای پێداچوونەوەی ئورمیە سزاکەی بۆ ٣٠ ساڵ بەندکران و دوورخستنەوەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی یەزد گۆڕدرا.

ئەو بەندکراوە سیاسییە، لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئورمیە بەسەختی لەژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیدا بووە. خالید زەمانی لە ڕۆژی ٣٠ی سەرماوەزی ساڵی ٢٧٠٩، لە بەندیخانەی ناوەندیی خۆی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی یەزد دوورخرایەوە و هەتا ئێستا لەگەڵ مەرەخەسی وەرگرتنەکەی، دژایەتی کراوە.

بارودۆخی ماڵیی بنەماڵەی خالید زەمانی، لە کاتی دەستبەسەربوونی ناوبراو وەکوو سەرپەرەستی بنەماڵە، لە دۆخێکی دژواردایە و تەنیا ڕێگە بۆ بژێوی ژیانیان تەونکردنە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە