ڕێگری لەپێدانی مافی مرەخەسی بەسوهەیلا محەممەدی، بەندکراوی سیاسیی کورد سەرەڕای دابینکردنی بارمتەی پێویست

سەرەڕای ئەوەی کە پێشتر بڕیاری پێدانی مرەخەسی بە سوهەیلا محەممەدی، ژنە بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری ئورمیە قبو

١٦ خەزەڵوەر ٢٧٢٣، ١١:٣٥

 

هەنگاو: سێشەممە، ١٦ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣

سەرەڕای ئەوەی کە پێشتر بڕیاری پێدانی مرەخەسی بە سوهەیلا محەممەدی، ژنە بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری ئورمیە قبووڵ کراوە، بەڵام بەهۆی ڕێگریی بەرپرسانی بەندیخانەوە هێشتا مافی هاتنە دەرەوەی لێ بێبەری کردووە. ناوبراو لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا چەندین جار بە نیشانەی ناڕەزایەتی، مانی لە خواردن گرتووە و تانەت لێوەکانی خۆشی دووریوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ سوهەیلا محەممەدی، ژنە بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی سەڵماسی سەر بە پارێزگای ئورمیە کە لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بەند کراوە، نزیکەی ٣ مانگە بە مەبەستی پێدانی مافی مرەخەسیی ناوبراو بارمتەی قورسی بڕی دوو ملیار و پێنج سەد ملیۆنی بۆی دابین کراوە، بەڵام هێشتا بەرپرسانی ئەو بەندیخانەیە ڕەزامەندییان لەسەر داواکارییەکەی دەرنەبڕیوە و ڕێگرییان لە هاتنە دەرەوەی کردووە.

ئەو بەندکراوە سیاسییە کوردە ڕۆژی شەممە، ١٤ی گەلاوێژ (٥ی ئاگۆست) تاکوو سێشەممە، ١٧ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ (٨ی ئاگۆستی ٢٠٢٣)، بۆ ماوەی چوار ڕۆژ مانی لە خواردن گرت و بە بەڵێنی پێدانی ئازادیی کاتی کە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعات و بەرپرسانی بەندیخانە پێی درابوو، بە کردنەوەی لێوی کە پێشتر دووریبووی، کۆتاییی بە مانگرتنەکەی هێنا.

لە ماوەی ئەو ڕۆژانەی کە مانی لە خواردن گرتبوو بە مەبەستی شکاندنی مانگرتنەکەی، لەژێر گوشار و هەڕەشەی بەردەوامی ئیدارەی ئیتلاعات و بەرپرسانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیەدا بووە و ئەویش ڕایگەیاندووە؛ ئەگەر پێڕاگەیشتنی دۆسیەکەی لەوە زیاتر دوا بخرێت، "هەوڵی خۆکوشتن دەدات".

سوهەیلا محەممەدی دایکی منداڵێکە و لە مانگی ڕەشەمەی ٢٧٢٢ بەهۆی گوشاری ناوەندە حکوومەتییەکان و ڕێگریکردن لە ئازادیی کاتیی ناوبراو و هەرەوەها بێبەریکردنی لە لێبوردنی گشتی، چەند چەقۆیەکی لە سینگی خۆی دا و هەوڵی دا خۆی بکوژێت کە لەلایەن هاوبەندییەکانییەوە ڕزگار کرا.

بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو؛ سوهەیلا محەممەدی، بەهۆی ئەوەی کە ماوەی سێ ساڵە لە کوڕە منداڵەکەی دابڕاوە و هەروەها بەهۆی گوشاری بەردەوامی ناوەندە حکوومەتییەکان لە ماوەی دەستبەسەرکردن و لێپرسینەوە و لێپێچینەوەکانی لەلایەن ئەو ناوەندە حکوومەتییانەوە، لە دۆخێکی جەستەیی و دەروونیی خراپدایە کە جێی نیگەرانییە.

ئەو ژنە بەندکراوە سیاسییە کوردە سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە ٣ ساڵ لە سزای ٥ ساڵ بەندکرانەکەی، بەڵام هێشتا لە مافی ئازادیی کاتی، بێبەری و بێبەش کراوە.

شایانی باسە ئەو هاووڵاتییە کە بەهۆی گوشاری بەردەوامیی سوپای پاسداران لە ماوەی ٣ ساڵی ڕابردوودا لە مافی ئازادیی کاتی بێبەری و بێبەش کراوە، لە پاییزی ساڵی ٢٧٢٠ لە شاری سەڵماس لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراوە و پاش چەند مانگ لێپرسینەوە و لێپێچینەوە، بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گواستراوەتەوە.

ناوبراو دواتر لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی شاری ئورمیە بە تۆمەتی ئەندامەتی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، سزای ٥ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە و لەو کاتەوە تاکوو ئێستا لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بەبێ مافی ئازادیی کاتی، بەند کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە