کرماشان؛ دەستبەسەرکردن و ناڕوونی چارەنووسی دوو هاووڵاتیی گەنج
نیما ئەڵماسی، خەڵکی سەرپێڵی زەهاو و ئەمیر ئەحمەدی، خەڵکی شاری گاوارەی پارێزگای کرماشان نزیکەی چل ڕۆژ لەمەو بەر، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسە
هەنگاو؛ چوارشەممە ١٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣
نیما ئەڵماسی، خەڵکی سەرپێڵی زەهاو و ئەمیر ئەحمەدی، خەڵکی شاری گاوارەی پارێزگای کرماشان نزیکەی چل ڕۆژ لەمەو بەر، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراون و هێشتا چارەنووسیان نادیارە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، نزیکەی چل ڕۆژ لەوە پێش نیما ئەڵماسی، تەمەن ١٨ ساڵ و ئەمیر ئەحمەدی، تەمەن ٢٢ ساڵ دوای دەستبەسەرکرانیان لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە، بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگەکانی ئەو ناوەندە ئەمنییە لە کرماشان گواستراونەتەوە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، نیما ئەڵماسی و ئەمیر ئەحمەدی، لەو ماوەیەدا تەنیا یەک پەیوەندیی تەلەفۆنی کورتماوەیان بووە و زانیارییەکی ورد سەبارەت بە شوێنی ڕاگرتن و دۆخی دەستبەسەربوونیان لەبەر دەستدا نییە و هەر ئەوە نیگەرانی جددیی بنەماڵەکانیانی لێکەوتووەتەوە.
ئەو دوو لاوە پێشتر وەکوو لایەنگری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە هەرێمی کوردستان چالاکی سیاسییان بووە، دوای گەڕانەوەیان لەکاتێکدا پێشتر ناوەندە ئەمنییەکانیان ئاگادارکردووەتەوە، دەستبەسەرکراون.
نیما ئەڵماسی و ئەمیر ئەحمەدی، حەفتەی ئەوەڵی مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ، دوای گەڕانەوەیان بەرەو ئێران، دەستبەسەرکران و بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە کرماشان گواسترانەوە