کرماشان؛ دەستبەسرکردنی چوار ئەندامی کۆڕی ڕاوێژکاریی چالاکانی مەدەنیی یارسان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە

چوار ئەندامی کۆڕی ڕاوێژکاریی چالاکانی مەدەنیی یارسان بە ناوەکانی سەید ئەمین عەباسی، خەیروڵڵا حەقجوویان، پاکزاد تاهیری و نەوشاد تاهیری، لەلایەن

١٩ خەزەڵوەر ٢٧٢٣، ١٩:١٥

 

هەنگاو: هەینی، ١٩ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣

چوار ئەندامی کۆڕی ڕاوێژکاریی چالاکانی مەدەنیی یارسان بە ناوەکانی سەید ئەمین عەباسی، خەیروڵڵا حەقجوویان، پاکزاد تاهیری و نەوشاد تاهیری، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ئەمڕۆ هەینی، ١٩ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ (١٠ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣)، سەید ئەمین عەباسی، خەیروڵڵا حەقجوویان، پاکزاد تاهیری و نەوشاد تاهیری، لە بازگەی پشکنینی "پاتاق" لە ١٥ کم جادەی سەرپێڵی زەهاو بەرەو کرماشان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کران.

ئەم ئەندامانی کۆڕی ڕاوێژکاریی چالاکانی مەدەنیی یارسان لە کاتی گەڕانەوەیان لە شاری قەسری شیرین بۆ کرماشان و پاش چاوپێکەوتنیان لەگەڵ سیاوەش حەیاتی، وتەبێژی کۆڕی ڕاوێژکاریی چالاکانی مەدەنیی یارسان و سکرتێری بەرەی یەکگرتووی کورد کە هەنووکە بە شێوەی کاتی لە بەندیخانە ئازاد کراوە، دەستبەسەر کران.

تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هۆکاری دەستبەسەرکردن و وردەکاری لەسەر ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییانە، لە بەردەستدا نییە.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی خەزەڵوەر، سیاوەش حەیاتی لە کاتێکدا کە نیوەی ماوەی یەک ساڵ بەندکرانەکەی کە پێشتر بەسەریدا سەپابوو، لە بەندیخانەی دیزڵ‌ئاوای کرماشان بە شێوە کاتی ئازاد کراوە. ناوبراو لە ٢٣ی خاکەلێوەی ئەمساڵدا دەستبەسەر و بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزاکەی، ڕەوانەی بەندیخانە کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە