ڕاپۆرتێک لەسەر ئارمان مەعرووفی، دەستبەسەرکراوێکی بزووتنەوەی ژن، ژیان ئازادی لە مەهاباد

ئارمان مەعرووفی، دەستبەسەرکراوێکی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، دوای ئەوەی کە سزای دوو ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپا، لە ماوەی ڕبردوودا بە مەبستی

٢٠ خەزەڵوەر ٢٧٢٣، ١٠:١٠

 

هەنگاو: شەممە، ٢٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣

ئارمان مەعرووفی، دەستبەسەرکراوێکی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، دوای ئەوەی کە سزای دوو ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپا، لە ماوەی ڕبردوودا بە مەبستی جێبەجێکرانی سزاکەی دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی مەهاباد کراوە. هەنووکەش نزیکەی دوو مانگ لە ماوەی دەستبەسەربوونی ناوبراو تێپەڕ دەبێت.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە ناوەڕاستەکانی مانگی خەرمانانی ٢٧٢٣، ئارمان مەعرووفی و خەڵکی شاری مەهاباد، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای دوو ساڵ بەندکردن دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کراوە.

ناوبراو لە سەرەتای مانگی خەرمانانی ئەمساڵ لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری مەهابادەوە بەهۆی بەشداری لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ساڵی ڕابردوو، سزای دوو ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.

شایانی باسە کە تاکوو کاتی داڕشتی ئەم ڕاپۆرتە، هۆکارە یاسایییەکان و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵی ئەو هاووڵاتییە لە دۆسیەی دادگاییکردنەکەیدا، ناڕوونە و هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەو بارەوە لە بەردەستدا نییە.

ئەو بەندکراوە سیاسییە ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٦ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (١٧ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢) لە شاری مەهاباد و لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی کوماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ دەستبەسەرگەی ئەو ناوە ئەمنییەکان لە ئورمیە گواسترایەوە.

ئارمان مەعرووفی دوای دوو مانگ لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی شاری ئورمیە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد گواسترایەوە و پاش چوار مانگ دەستبەسەربوون لەم بەندیخانەیە، دواجار بە دانانی بارمتەی ٣ ملیار تمەنی و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە