عوسمان ئیسماعیلی بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کرا

عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی شاری سەقز کە پێشتر سزای ١٦ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپا، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە

٢٢ خەزەڵوەر ٢٧٢٣، ١٦:٥٤

 

هەنگاو: دووشەممە، ٢٢ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣

عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی شاری سەقز کە پێشتر سزای ١٦ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپا، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەو شارە کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی دووشەممە، ٢٢ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ (١٣ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣)، عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی شاری سەقز، دوای ئەوەی کە لەلایەن لقی ٢ی جێبەجێکاریی تاوانەکانی داواکاریی گشتی و شۆڕشی سەقزەوە بانگ کراوە، دەستبەسەر و بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کرا.

عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی ناسراوی کرێکاری و خەڵکی شاری سەقز، لە سەرەتای مانگی خەرمانانی ئەمساڵەوە لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی ئەو شارە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "مستەفایی"، بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە کۆمەڵە" سزای ٣١ مانگ و ١۵ڕۆژ بەندکردن و هەروەها بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی لە ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی ژینا ئەمینی" سزای ٧ مانگ و ١۵ڕۆژ بەندکردن، بە کۆی گشتی ٣٩ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.

ئەو چالاکە کرێکارییە ڕۆژی چوارشەممە، ١٩ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ لە شەقامی "شەهیدان"ی شاری سەقز لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە ڕفێندرا و دواتر بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواسترایەوە. ناوبراو ڕۆژی دووشەممە، ٢٨ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣ (١٧ی ئەپریلی ٢٠٢٣)، پاش ٧٠ ڕۆژ دەستبەسەربوون، بە دانانی بارمتەی ١ ملیار تمەنی و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی سەقز ئازاد کرا.

ئەم هاووڵاتییە پێشتریش واتە ڕۆژی شەممە، ١٠ی بانەمەڕی ساڵی ڕابردوو پاش ئەوەی کە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقزەوە دەستبەسەر کرا، بۆ دەستبەسەرگەی ئەم ناوەندە حکوومەتییە لە شاری سنە گواسترایەوە و دواتر واتە ڕۆژی دووشەممە، ١٩ی بانەمەڕی هەمان ساڵ، بە دانانی بارمتەی ١٤٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی سەقز ئازاد کرا.

شایانی باسە کە عوسمان ئیسماعیلی، یەکێک لە چالاکانی کرێکاریی ناسراوانی خەڵکی شاری سەقزە کە لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار لەلایەن هێز و ناوەندە حکوومەتییەکانەوە بانگ یان دەستبەسەر کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە