گیانلەدەستدانی بەندکراوێکی خەڵکی سەردەشت لەژێر ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکان

هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری سەردەشت بە ناوی کەیوان دێهقان، تەنیا سێ ڕۆژ دوای دەستبەسەرکردنی، لە بەندیخانەی ئەو شارە و لەژێر ئەشکەنجەی دڕندانە هێزە ئەمنییەکانی کۆمار

٢٣ خەزەڵوەر ٢٧٢٣، ١٢:٠٧

 

هەنگاو: سێشەممە، ٢٣ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣

هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری سەردەشت بە ناوی کەیوان دێهقان، تەنیا سێ ڕۆژ دوای دەستبەسەرکردنی، لە بەندیخانەی ئەو شارە و لەژێر ئەشکەنجەی دڕندانە هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران گیانی لەدەست دا. ناوبراو حەوتەمین بەندکراوی کوردە کە لە سەرەتای ئەمساڵی زایینییەوە لەژێر ئەشکەنجەدا کوژراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی شەممە، ٢٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ (١١ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣)، هاووڵاتییەکی دەستبەسەرکراوی خەڵکی شاری سەردەشت بە ناوی کەیوان دێهقان و تەمەن ٤٦ ساڵ، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە و لەژێر ئەشکەنجەی دڕندانەی هیزە ئەمنییەکانی بەندیخانەدا گیانی لەدەست دا.

بەگوێرەی زانیارییەکانی هەنگاو، تەرمی ئەو بەندکراوە کوژراوە پاش ئەوەی کە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە سەردخانەی نەخۆشخانەی شاری سەردەشت و پزیشکی دادی شاری ئورمیە ڕاگیراوە، ڕۆژی دووشەممە، ٢٢ی خەزەڵوەر، ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە و ئێوارەی هەمان ڕۆژ (دووشەممە) ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردن و پرسەکەی لە شاری سەردەشت بەڕێوە چوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، کەیوان دێهقان ڕۆژی پێنجشەممە، ١٨ی خەزەڵوەر، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ بەندیخانەی شاری سەردەشت گواستراوەتەوە. هێشتا زانیاریی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی دانراوە پاڵی، لە بەردەستدا نییە.

شایانی باسە کە ئەو هاووڵاتییە پێشتر بە تاوانی پێوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر و پاش تێپەڕاندنی چەند ساڵ بەندکران، مانگی ڕابردوو لە بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد ئازاد کراوە.

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ تاکوو ئێستا (واتە ماوەی ١٠ مانگ و ١٠ ڕۆژ)، لانی کەم ٩ بەندکراو لە بەندیخانە و دەستەبسەرگەی ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەژێر ئەشکەنجەی دڕندانەی هێزە ئەمنییەکاندا گیانیان لەدەست داوە کە ٧ بەندکراویان کورد بوون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە