ژنکوژی؛ پیاوێک لە گیەڵان هاوژینی پێشوو و دایکی هاوژینە پێشووەکەی کوشت

پیاوێک لە شاری گیەڵان سەر بە پارێزگای کرماشان، هاوژینە پێشووەکەی خۆی بە ناوی نگار مەحموودی و دایکی بەناوی نازەنین مورادی بەبەکارهێنانی چەک کوشت. تۆمەتبار

٢٤ خەزەڵوەر ٢٧٢٣، ٢٠:٥٩

 

هەنگاو؛ چوارشەممە ٢٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣

پیاوێک لە شاری گیەڵان سەر بە پارێزگای کرماشان، هاوژینە پێشووەکەی خۆی بە ناوی نگار مەحموودی و دایکی بەناوی نازەنین مورادی بەبەکارهێنانی چەک کوشت. تۆمەتبار لەو هێرشە چەکدارییەدا باوکی هاوژینە پێشووەکەشی بە سەختی بریندارکردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، پێش نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ (١٥ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣)، ژنێکی لاوی خەڵکی گیەڵان بەناوی نگار مەحموودی کە لەگەڵ باوکی بە ناوی فەرەیدوون مەحموودی لە ڕێگەی ڕۆیشتن بۆ سەر کار بووە، لەلایەن مێردە پێشووەکەیەوە بەناوی یەعقووب مورادیان هێرشی چەکداری کراوەتە سەری و لە ئەنجامدا گیانی لە دەست داوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، باوکی ئەو لاوە قوربانییەش، بە هۆی سەختی برینەکانییەوە بۆ ناوەندی دەرمانی شاری کرماشان گواستراوەتەوە و باری تەندروستی ناجێگیرە.

ئەو سەرچاوە ڕایگەیاندووە: یەعقووب مورادیان دوای ئەو هێرشە، ڕۆیشتووەتە ماڵی دایک و باوکی هاوژینە پێشووەکەی، و خەسووە پێشووەکەی بە ناوی نازەنین مورادی بە چەکی کۆڵت کوشتووە و دواتر هەڵاتووە.

یەعقووب مورادیان فەرمانبەری ناوەندی فریاگوزاری پزیشکی گیەڵان بووە و نگار مەحموودی، لە یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی ئەو شارەدا بە پیشەی مامایی سەرقاڵ بووە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە