درێژکردنەوەی بڕیاری دەستبەسەرکرانی شێرکۆ حیجازی لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنە

بڕیاری دەستبەسەرکرانی شێرکۆ حیجازی، بەرپرسی لیژنەی تۆپی پێی سەقز و چالاکی مەدەنیی دەستبەسەرکراو، لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بۆ ماوەی یەک مانگی دیک

٢٧ خەزەڵوەر ٢٧٢٣، ١١:١٢


هەنگاو؛ شەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣

بڕیاری دەستبەسەرکرانی شێرکۆ حیجازی، بەرپرسی لیژنەی تۆپی پێی سەقز و چالاکی مەدەنیی دەستبەسەرکراو، لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بۆ ماوەی یەک مانگی دیکە درێژکرایەوە. ناوبراو لە دەستبەسەرگەی وەزارەتی ئیتلاعات لە سنە ڕاگیردراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بڕیاری دەستبەسەرکرانی شێرکۆ حیجازی، بەرپرسی لیژنەی تۆپی پێی سەقز کە چەند ڕۆژ دوای دەستبەسەرکرانی لەو شارەدا بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات لە سنە گواسترابووەوە، بۆ ماوەی یەک مانگی دیکە درێژکراوەتەوە.

شێرکۆ حیجازی کە پێشتر بەمەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ ئەشکەنجە درابوو، ئێستا ماوەی دوو مانگ و پێنج ڕۆژ لە دەستبەسەربوونەکەی تێپەڕ دەکات.

بڕیاری دەستبەسەرکردنی ئەو چالاکە مەدەنییە کە لە هەر چەشنە چاوپێکەوتن و دەستڕاگەیشتنێک بە پارێزەر بێبەشکرابوو، لە مانگی ڕەزبەریشدا بۆ ماوەیەکی هاوشێوە درێژکرابۆوە.

پێشتر هەنگاو، لە ڕاپۆرتێکدا بە ئاماژەدان بە ڕێگریکردن لە پەیوەندی تەلەفۆنیی ئەو بەندکراوە، لەو بارەوە نووسیویەتی: ناوەندە ئەمنییەکان گوشارەکانیان لەسەری زیاتر کردووە و لە وەڵامدانەوەیەکی ڕوون بە بنەماڵەکەی لەسەر بارودۆخی ئەو هاووڵاتییە دەستبەسەرکراوە، ڕێگری دەکەن.

شێرکۆ حیجازی، نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی خەرمانانی ٢٧٢٣، لەگەڵ لێدان و بێڕێزیکردن لە شەقامی شۆهەدای شاری سەقز و لە نزیکی شوێنی کارەکەیدا دەستبەسەرکراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە