تەقینەوەی پاشماوەی شەڕ لە شاری مێهران سێ کوژراو و برینداری لێ کەوتەوە

بەهۆی تەقینەوەی تەقەمەنی و پاشماوەکانی سەردەمی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراق لە شاری مێهران سەر بە پارێزگای ئیلام، دوو کەس کوژران و منداڵێکی تە

٢٧ خەزەڵوەر ٢٧٢٣، ٢٢:٠٤

 

هەنگاو: شەممە، ٢٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣

بەهۆی تەقینەوەی تەقەمەنی و پاشماوەکانی سەردەمی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراق لە شاری مێهران سەر بە پارێزگای ئیلام، دوو کەس کوژران و منداڵێکی تەمەن یەک ساڵیش بەسەختی بریندار بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی بەسری هەنگاو؛ کاتژمێر ١: ٠٠ی نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە، ٢٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ (١٥ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣)، بەهۆی تەقینەوەی تەقەمەنی و پاشماوەکانی سەردەمی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراق، لە ماڵێکی شارۆچکەی ئیسلامییەی شاری مێهرانی سەر بە پارێزگای ئیلام، دوو کەس بە ناوەکانی شەهرام (ناوبانگی هێشتا بۆ هەنگاو ڕوون نەبووەتەوە) تەمەن ٢٧ ساڵ و عەباس شیرینیا، ٣٥ ساڵ گیانیان لەدەست داوە.

هەر لەم ڕووداوەدا کە لە کۆگای ماڵی شەهرام ڕووی داوە، جگە لە شەهرام و عەباس شیرینیای ژنبرای، منداڵێکی تەمەن ١٥ مانگ کە کوڕی عەباس بووە بەسەختی بریندار بووە و باری تەندروستیی ئەو منداڵە ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.

شایانی باسە کە لە شارەکانی کوردستان و بەتایبەت پارێزگای ئیلام بەهۆی نەبوونی هەلی کار، کۆمەڵێک کەس بۆ بژێویی ژیانی بنەماڵەکانیان ڕوو لە کۆکردنەوەی ئاسنەواڵە و پاشماوە مەترسیدارەکانی شەڕ دەکەن و بەهۆی کۆکردنەوە و ڕاگرتنیان لە ماڵەکانیاندا، هەندێک جار ڕووداوی لەم جۆرە ڕوو دەدەن و قوربانی لێ دەکەوێتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە