برینداربوونی سێ کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری بانە

دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی ماهان (ناوبانگ نادیار)، تەمەن ١٦ ساڵ و شەهرام مورادوەیسی کە هەردووکیان خەڵکی شاری سەقزن، هەروەها کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی کەماڵ خ

٢٨ خەزەڵوەر ٢٧٢٣، ٠٩:٢٨

 

هەنگاو: یەکشەممە، ٢٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣

دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی ماهان (ناوبانگ نادیار)، تەمەن ١٦ ساڵ و شەهرام مورادوەیسی کە هەردووکیان خەڵکی شاری سەقزن، هەروەها کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی کەماڵ خزری و خەڵکی شاری بۆکان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری شاری بانە بەسەختی بریندار بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ شەوی شەممە، ٢٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ (١٨ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣)، شەهرام مورادوەیسی، تەمەن ٢٢ ساڵ و کۆڵبەری خەڵکی شاری سەقز، بە تەقەی چەکی شەڕکەری هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری بانە قۆڵ و لاقی پێکراوە و بەسەختی بریندار بووە.

هەروەها ڕۆژی هەینی، ٢٦ی خەزەڵوەری (١٦ی نۆڤەمبەر)، کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی ماهان (ناوبانگی هێشتا بۆ هەنگاو ڕوون نەبووەتەوە)، تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی شاری سەقز، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری هەنگەژاڵی بانە بریندار بووە.

پێشتریش واتە شەوی پێنجشەممە، ٢٥ی خەزەڵوەری (١٥ی نۆڤەمبەر)، کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی کەماڵ خزری و خەڵکی شاری بۆکان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری هەنگەژاڵی بانە بریندار بووە.

ئەم سێ کۆڵبەرە دوای برینداربوونیان بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران، بەهۆی قووڵیی برینەکانیان و بە مەبەستی تیمارکردن و چارەسەری و چاودێریی پزیشکی، بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواستراونەتەوە.

بەپشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ١٦ ڕۆژی ڕابردوودا (دوای سەردانەکەی ئیبراهیم ڕەئیسی بۆ بانە)، لانی کەم ٣ کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنوورەکانی بانە کوژراون و بە سێ کۆڵبەرەشەوە لانی کەم ٤٣ کۆڵبەریش بریندار بوون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە