هاجەر سەعیدی، هاووڵاتیی خەڵکی سنە بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانە کرد

چالاکێکی کرێکاری و مافەکانی ژنان بە ناوی هاجەر سەعیدی و خەڵکی شاری سنە کە ئەمساڵ ماوەی زیاتر لە مانگێک دەستبەسەر کرابوو، بە مەبەستی تێپەڕاندنی

٢٨ خەزەڵوەر ٢٧٢٣، ١٣:٣٩

 

هەنگاو: یەکشەممە، ٢٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣

چالاکێکی کرێکاری و مافەکانی ژنان بە ناوی هاجەر سەعیدی و خەڵکی شاری سنە کە ئەمساڵ ماوەی زیاتر لە مانگێک دەستبەسەر کرابوو، بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای سەپێندراوی یەک ساڵ بەندکردن، دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ئەمڕۆ شەممە، ٢٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ (١٨ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣)، چالاکێکی کرێکاری و مافەکانی ژنان بە ناوی هاجەر سەعیدی، پاش ئەوەی کە لەلایەن لقی ٤ی داواکاریی گشتی و شۆڕشی سنە بانگ کراوە، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی دەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کرا.

ناوبراو پێشتریش لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی شاری سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی" بە تۆمەتی "پێکهێنانی باند و گرووپ لە ڕێگەی هەستەی کۆمۆنیستی" و "هەوڵی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی"، سزای دوو ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپا و ئەم سزایە دواتر لەلایەن لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوە لە سنە بۆ یەک ساڵ بەندکردن کەم کرایەوە.

ئەو چالاکە کرێکارییە هاوکات لەگەڵ حەوت چالاکی مەدەنی و کرێکاریی دیکە، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، ٢٧ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣، لە ماڵی هوومەن عەبدوڵڵاهی، لاوی گیانبەختکردووی خەڵکی شاری سنە و لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران.

دواجار ڕۆژی یەکشەممە، ٢٨ی خەرمانانی هەمان ساڵ (١٨ی ژوئەنی ٢٠٢٣) بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی تا کۆتایی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازاد کرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە