سنووری بانە؛ دوو مێرمنداڵ و لاوێکی تەمەن ١٩ ساڵە بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار کران

سەرکەوت عەباسی، تەمەن ١٦ ساڵ و دانا (ناوبانگ نادیار) تەمەن ١٧ ساڵ، دوو کۆڵبەری خەڵکی شاری سەقز و شاخەوان فەیزی، کۆڵبەری تەمەن ١٩ ساڵی خەڵک

٢٨ خەزەڵوەر ٢٧٢٣، ٢٢:٢٧


هەنگاو؛ یەکشەممە ٢٨ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣

سەرکەوت عەباسی، تەمەن ١٦ ساڵ و دانا فەرەجپوور تەمەن ١٧ ساڵ، دوو کۆڵبەری خەڵکی شاری سەقز و شاخەوان فەیزی، کۆڵبەری تەمەن ١٩ ساڵی خەڵکی دیواندەرە لە سنووری شاری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بە سەختی بریندارکران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ٢٦ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ (١٧ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣(، سەرکەوت عەباسی و کۆڵبەرێکی دیکە بەناوی دانا فەرەجپوور، دوو کۆڵبەری تەمەن ژێر هەژدە ساڵی خەڵکی شاری سەقز بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری هەنگەژاڵی بانە بریندارکران.

هاوکات کۆڵبەرێکی خەڵکی دیواندەرە بەناوی شاخەوان فەیزی تەمەن ١٩ ساڵ هەر لەو سنوورە بە دەستڕێژی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندارکرا.

ئەو سێ کۆڵبەرە دوای برینداربوون بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە، بەمەبەستی چارەسەری و پێڕاگەیشتنی پزیشکی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواستراونەتەوە.

بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ١٦ ڕۆژی پێشوودا (لە دوای سەفەری ئیبراهیم ڕەئیسی بۆ بانە) لانی کەم ٣ کۆڵبەر لە سنوورەکانی بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی سنووری کوژراون و بە هەژمارکردنی ئەو حاڵەتانەی لەم دوایییەدا ڕوویداوە، لانی کەم ٤٦ کۆلبەریش بریندارکراون.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە