بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج؛ درێژەی دەستبەسەرکران و ناڕوونی چارەنووسی ماشەڵڵا کەرەمی
ماشەڵڵا کەرەمی باوکی کۆمار (محەممەد مەهدی) کەرەمی لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، ماوەی سێ مانگی ڕابردووی بە دەستبەسەرکراوی تێپەڕ
هەنگاو؛ دووشەممە ٢٩ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣
ماشەڵڵا کەرەمی باوکی کۆمار (محەممەد مەهدی) کەرەمی لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، ماوەی سێ مانگی ڕابردووی بە دەستبەسەرکراوی تێپەڕکردووە، ناوبراو ٦٨ ڕۆژ لەو ماوەیەی لە ژووری تاکەکەسیی دەستبەسەرگەی ئیتلاعات و ٢٠ ڕۆژی ڕابردووی لە بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج تێپەڕکردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ماشەڵڵا کەرەمی، لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکان، لە حاڵێکدا کە چارەنووسی لە ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج ناڕوونە کە گوشارەکان لەسەر باقی ئەندامانی بنەماڵەکەی زیاتر کراوە و هەژمارە بانکییەکەیان داخراوە. هەروەها کەلووپەلە دیجیتالییەکانیان لێ وەرگیراوە و هێشتا پێیان نەدراوەتەوە و لە دەستی وەزارەتی ئیتلاعاتدایە.
هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندووە کە سیروان کەرەمی، کوڕی ماشەڵڵا و هاوژینەکەی لەژێر گوشاری چڕوپڕی ئیتلاعاتی سوپای پاسداراندا بوون و هەڕەشەیان لێ کراوە کە نابێت هیچ جۆرە زانیارییەک لەسەر ڕەوتی ئەو دۆسیەیە و بارودۆخی دەستبەسەربوونی ماشەڵڵا کەرەمی بڵاو بکەنەوە.
ماشەڵڵا کەرەمی ڕۆژی ٦ی خەزەڵوەری ئەوساڵ، لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کەرەج بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواستراویەوە. چەند ڕۆژ پێش ئەوەش، هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو بنەماڵە دادخوازە و دوای پشکنینێ ماڵەکە، ژمارەیەک لە کەلووپەلی تاکەکەسیی محەممەد مەهدی کەرەمییان لەگەڵ خۆیان بردوویانە.
هەروەها ئەمیرحوسێن کووهکەن، پارێزەری بنەماڵەی کەرەمی، پاش ئەوەی ڕۆژی ٨ی خەرمانان بانگ کراوە، دەستبەسەر کراوە و تاکوو ئێستاش لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کەرەج لە ژووری تاکەکەسیدا ڕاگیراوە.
محەممەدمەهدی (کۆمار) کەرمی، لاوی کوردی خەڵکی شاری بیجاڕ و تەمەن ٢١ ساڵ، لەگەڵ محەممەد حوسێنی، تۆمەتبارێکی سەرەکیی دیکەی ئەو دۆسیە بەناو "کوشتن"ی ڕوحوڵڵا عەجەمیان، لە ئەندامانی بەسیج، سزای سێدارەیان بەسەردا سەپا و دوای ئەوەی کە بە شێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجە درابوون، بەرەبەیانیی ڕۆژی ١٧ی بەفرانباری ٢٧٢٢، لەسێدارە دران.