گواستنەوەی ئەیووب کەریمی، بەندکراوی مەزهەبیی کورد بۆ ژووری تاکەکەسی و مەترسیی جێبەجێکردنی سزاکەی

بەندکراوێکی مەزهەبیی کورد و خەڵکی شاری مەهاباد بە ناوی ئەیووب کەریمی، دوای ١٤ ساڵ بەندکردن، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای سێدارە کە پێشتر بەسەر

١ سەرماوەز ٢٧٢٣، ٢٣:٠١

 

هەنگاو: چوارشەممە، ١ی سەرماوەزی ٢٧٢٣

بەندکراوێکی مەزهەبیی کورد و خەڵکی شاری مەهاباد بە ناوی ئەیووب کەریمی، دوای ١٤ ساڵ بەندکردن، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای سێدارە کە پێشتر بەسەریدا سەپاوە، بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج گواسترایەوە. دوای جێبەجێکردنی سزای سێدارەی قاسم ئابستە، هاودۆسییەی ئەیووب کەریمی کە لە مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ سزاکەی جێبەجێ کرا، هەنووکەش مەترسیی ئەگەری جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ئەم بەندکراوە لە ئارادایە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی سێشەممە، ٣٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ (٢١ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣)، ئەیووب کەریمی، بەندکراوی مەزهەبیی کورد، خەڵکی شاری مەهاباد و باوکی دوو منداڵ کە سزای سێدارەی بەسەردا سەپاوە، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەی بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج گواستراوەتەوە.

گواستنەوەی ئەیووب کەریمی بۆ ژووری تاکەکەسیی ئەو بەندیخانەیە لە کاتێکدایە کە بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، ١٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ (٥ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣)، سزای سێدارەی قاسم ئابستە، بەندکراوێکی دیکەی مەززهەبیی کورد و خەڵکی شاری مەهاباد کە هاودۆسییەی ئەیووب کەریمی بوو، پاش تێپەڕاندنی ١٣ ساڵ و ٩ مانگ بەندکردن، لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا.

لە ماوەی ڕابردوودا هەنگاو گرتە ڤیدیۆیییەکی دایکی ئەیووب کەریمی کە تەمەنی لە ٧٠ ساڵ تێپەڕیوە، بڵاو کردەوە و لەو ڤیدیۆیەدا ڕوو بە ڕای گشتی و بەتایبەت دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران داوای ڕاگرتنی جێبەجێکردنی سزای سێدارەی کوڕەکەی دەکرد.

هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا ڕایگەیاند؛ ئەگەری هەیە سزای سێدارەی ئەیووب کەریمی و پێنج هاودۆسییەی دیکەی بە ناوەکانی داود عەبدوڵڵاهی، فەرهاد سەلیمی، ئەنوەر خزری، خەسرەو بەشارەت و کامەران شێخە جێبەجێ بکرێت.

ئەو بەندکراوە لە ١٦ی سەرماوەزی ساڵی ٢٧٠٩ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا و بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە گواسترابووەوە.

ئەیووب کەریمی و شەش چالاکی مەزهەبیی کوردی دیکە بەناوەکانی داوود عەبدوڵڵاهی، فەرهاد سەلیمی، ئەنوەر خزری، خەسرەو بەشارەت، کامڕان شێخە و قاسم ئابستە بە تۆمەتی کوشتنی "عەبدوڵڕەحیم تینا، لەلایەن لەقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "مەقیسە" بەتۆمەتگەلی وەک "چالاکی دژی ئاسایشی نەتەوەیی"، "چالاکی دژی حکومەتی کۆماری ئیسلامی"، "ئەندامەتی گرووپە سەلەفییەکان" و "فساد فی الارض" سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرا.

دانیشتنی پێداچوونەوە بە تۆمەتەکانی ئەو بەندکراوە ئایینییە کوردە ئاخرەکانی مانگی ڕەشەممەی ساڵی ٢٧١٥ بەڕێوەچوو و ٥ی جۆزەردانی ٢٧١٦ سزاکەی بەشێوەی فەرمی ڕاگەیەندرا.

شایانی باسە کە شایەنی باسە کە سزای سێدارەی ئەو بەندکراوە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٧١٦ لەلایەن لەقی ٤١ی دیوانی باڵای ئێران بە سەرۆکایەتیی دادوەر ڕازینی ڕەد کراوە و بەمەبەستی پێداچوونەوە ڕەوانەی لەقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران کرا.

لە جۆزەردانی ٢٧١٨ قاسم ئابەستە و ٦ هاودۆسیەکەی دیکەی بە تۆمەتی "فساد فی الارض" جارێکی دیکە لەلایەن لەقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر ئەبوڵقاسم سەڵەواتی سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرا.

ئەو سزا بە گوشاری بەردەوامی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە لەلایەن لەقی ٤١ی دیوانی باڵای ئێرانەوە پەسەندکرا و ڕۆژی دووشەممە ١٤ی ڕەشەممەی ٢٧١٩ بەشێوەی فەرمی بە مەحموود وەلیزادە تەباتەبایی، پارێزەری ئەو حەوت بەندکراوە ئایینییە کوردە ڕاگەیێندرا.

ئەو حەوت بەندکراوە لە بەندیخانەی گەوهەردەشت بەندکرابوون و ١٠ی گەلاوێژی ئەمساڵ دوای بەتاڵکردنی ئەو بەندیخانە، بۆ بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج گواسترانەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە