برینداربوونی دوو کۆڵبەری خەڵکی بۆکان بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران

دوو کۆڵبەری لاوی دیکەی خەڵکی شاری بۆکان بە ناوەکانی میلاد محەممەدیڕاد و ئیسماعیل ناسری، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری "هەنگەژاڵ"

٤ سەرماوەز ٢٧٢٣، ١٠:٣٢

 

هەنگاو: شەممە، ٤ی سەرماوەزی ٢٧٢٣

دوو کۆڵبەری لاوی دیکەی خەڵکی شاری بۆکان بە ناوەکانی میلاد محەممەدیڕاد و ئیسماعیل ناسری، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری "هەنگەژاڵ"ی بانە بەسەختی بریندار بوون و بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواستراونەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، ١ی سەرماوەزی ٢٧٢٣ (٢٢ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣)، میلاد محەمەدیڕاد، تەمەن ٢٣ ساڵ و کۆڵبەری خەڵکی شاری بۆکان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری هەنگەژاڵی بانە بەسەختی بریندار بووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو کۆڵبەرە لاوە بەهۆی قووڵیی برینەکەیەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی شاری بۆکان گواستراوەتەوە و بەگوێرەی زانیارییەکان باری تەندروستیی ناوبراو ناجێگیرە.

میلا محەممەدیڕاد دوو ئێسکی دەستی زیانی زۆریان پێ گەیشتووە و یەکێک لە دەمارەکانیشی بڕاوە کە بە وتەی پزیشکەکان؛ ئەگەری نەشتەرگەری بۆ دەستی ئەستەمە و ناکرێت.

هاوکات لەگەڵ میلاد، کۆڵبەرێکی دیکەی تەمەن ٢٣ ساڵ و خەڵکی شاری بۆکان بە ناوی فەرزاد عەزیزی هەر لە سنووری هەنگەژاڵی بانە بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار بوو کە هەنگاو پێشتر هەواڵەکەی میدیایی کردووەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە، ٢ی سەرماوەز، کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی ئیسماعیل ناسری و خەڵکی شاری بۆکان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران هەر لەو سنوور بەسەختی بریندار بووە.

شایانی باسە کە ئەم کۆڵبەرە خێزاندارە و باوکی یەک منداڵێکیشە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە