بریندار بوونی لانی کەم چوار کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان

ئیبراهیم مەحموودی خەڵکی شاری بانە، سیا خودامورادی، تەمەن ١٨ ساڵ و خەڵکی شاری مەریوان، کامران سەعیدزادە، خەڵکی شاری سەقز و کۆڵبەرێکی دیکەی

٥ سەرماوەز ٢٧٢٣، ٢١:١٥

 

هەنگاو؛ یەکشەممە ٥ی سەرماوەزی ٢٧٢٣

ئیبراهیم مەحموودی خەڵکی شاری بانە، سیا خودامورادی، تەمەن ١٨ ساڵ و خەڵکی شاری مەریوان، کامران سەعیدزادە، خەڵکی شاری سەقز و کۆڵبەرێکی دیکەی خەڵکی شاری کرماشان بە ناوی حەبیب لە سنووری شارەکانی بانە، مەریوان و نەوسوود بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندار بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٥ی سەرماوەزی ٢٧٢٣ (٢٦ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣)، ئیبراهیم مەحموودی تەمەن ٢٦ ساڵە و خەڵکی شاری بانە لە سنووری "هەنگەژال" ی ئەم شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بریندار بووە.

لە هەمانکاتدا، سیا خودامورادی، کۆڵبەری تەمەن ١٨ ساڵە و خەڵکی شاری مەریوان، لە کاتی کۆڵبەریدا لە سنووری "هەنجیران"ی ئەم شارە، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بریندار بووە.

پێشتریش، شەوی شەممە ٤ی سەرماوەز، کامران سەعیدزادە، کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری سەقز بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سنووری هەنگەژالی شاری بانە بە سەختی بریندار بوو. ناوبراو دەست و قاچی بە چەکی ساچمەیی بریندار بووە، بۆ چارەسەری دەرمانی بۆ نەخۆشخانەی شاری سەقز گواستراوەتەوە.

کۆڵبەرێکی بە ناوی حەبیب شەوی ڕابردوو لە کاتی کۆڵبەریدا لە بەرزایەکانی کەلە قەندی سنووری نەوسوودی پارێزگای کرماشان بریندار بوو. ناوبراو بەهۆی سەختی برینەکانییەوە بۆ چارەسەری دەرمانی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواستراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە