گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان لەسەر ژمارەیەک لە هونەرمەندانی کورد دوای خوێندنەوەی سروودێکی شۆڕشگێڕی

ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران لە شاری سەردەشت ژمارەیەک لە هونەرمەندانی کوردیان بانگکردووە و لەگەڵ ناچار کردنیان بۆ خوێندنەوەی پەیامێک بەپێچەوانەی ویست

١٠ سەرماوەز ٢٧٢٣، ١٢:٤٠


هەنگاو؛ هەینی ١٠ی سەرماوەزی ٢٧٢٣

ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران لە شاری سەردەشت ژمارەیەک لە هونەرمەندانی کوردیان بانگکردووە و لەگەڵ ناچار کردنیان بۆ خوێندنەوەی پەیامێک بەپێچەوانەی ویستی خۆیان، ناچار بە خوێندنەوەی سروودێکی حکوومەتیش کراون. ئەو گوشارە دوای خوێندنەوەی سروودی "قەندیل"ی هونەرمەندی کۆچکردوو تاهیر خەلیلی بووە. خدر قادری (خلە دەرزی) یەک لەو هونەرمەندانە بووە کە بێ لەبەر چاوگرتنی زۆری تەمەنی بانگکراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ناوەندە ئەمنییەکان بە بانگکردنی ژمارەیەک لە هونەرمەندانی کورد بەهۆکاری خوێندنەوەی سروودێک بە زمانی کوردی، ناچاریان کردوون کە نووسراوەیەک دژ بە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بخوێننەوە و هەڵوێستێک بەپێچەوانەی ویستی خۆیان هەڵبژێرن.

هەنگاو لە ڕێگەی سەرچاوەکانییەوە ئاگادارکراوەتە کە ئەو هونەرمەندانە بە سەختی لە ژێر گوشاری ئیتلاعاتی سوپا و ئیدارەی ئیتلاعات داندراون و ناچار بە خوێندنەوەی سروودێکی حکومەتی و هەروەها خوێندنەوەی ئەو نووسراوەیە کراون.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەدمینی کەناڵە تێلێگرامییەکانی شارە جیاوازەکانی کوردستان، ناچار کراون کە تەواوی ناوەڕۆکێک کە پەیوەندی بەو سروودەی کە خوێندوویانەتەوە بووە، پاک بکەنەوە و کەسێک لەوانیش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراوە کە هەنگاو لە ڕۆژانی داهاتوودا ناسنامەکەی ئاشکرا دەکات.

هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی سەرماوەزی ٢٧٢٣، ئەو کەناڵە تێلێگرامی و ئینستاگڕامییانە بەتایبەت ئەوانەی کە لە شاری سەردەشت چالاکییان هەیە، لەژێر گوشاردا، ڤیدیۆی خوێندنەوەی زۆرەکیی سروودە حکومەتییەکەیان بڵاویان کردۆتەوە. بەدوای ئەو گوشارانەدا چالاکە مەدەنی و فەرهەنگییەکان لە لاپەڕەکانیان، پاڵپشتی تەواوی خۆیان لەو هونەرمەندانە دەربڕیوە.

بانگکرانی ئەو هوندەرمەندانە و زۆرەکی کردنی خوێندنەوەی ئەو ڕاگەیاندنە، دوای ئەوە ڕوویداوە کە ڕۆژی ٦ی سەرماوەزی ئەمساڵ، ئەو هونەرمەندانە پێکەوە لە سەردەشت سروودی «لە قەندیلی سەربەرزی» یان خوێندووەتەوە. ئەو سروودە بەشێکی هەرمان لە ئەدەبیاتی بەرگری و بزووتنەوەی دێمۆکڕاسیخوازی خەڵکی کوردستان بە هەژمار دێت.

خاوەنی گۆرانی لە قەندیلی سەربەرزەوە، هونەرمەند تاهیر خەلیلی، لە شۆڕشگێڕانی دەیەی شەستی کوردستانە کە ڕۆژی ٥ی سەرماوەزی ئەمساڵ لە تەمەنی ٦٧ ساڵیدا لە شاری سلێمانیی هەرێمی کوردستان کۆچی دوایی کرد.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە