سنە؛ سەیوان ئیبراهیمی مامۆستا زمانی کوردی بە ١١ ساڵ بەندکران سزا درا

سەیوان ئیبراهیمی، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی بەڕێوبەریی ئەنجوومەنی فەرهەنگی کۆمەڵایەتیی "نۆژین"، لەلایەن دەزگای دادوەری کۆ

١٢ سەرماوەز ٢٧٢٣، ١٩:٥٣

 

هەنگاو؛ یەکشەممە ١٢ی سەرماوەزی ٢٧٢٣

سەیوان ئیبراهیمی، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی بەڕێوبەریی ئەنجوومەنی فەرهەنگی کۆمەڵایەتیی "نۆژین"، لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری سنە، بە ١١ ساڵ بەندکران سزا درا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕۆژانی ڕابردوودا سەیوان ئیبراهیمی مامۆستای زمانی کوردی لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر کەرەمی، بە تۆمەتی "دروست کردنی گرووپ بۆ تێکدانی ئاسایش" بە ١٠ ساڵ بەندکران و بەە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی حکومەت" بە یەک ساڵ بەندکران و بە کۆی گشتی بە ١١ ساڵ بەندکران سزا درا.

سەیوان ئیبراهیمی، لە مانگی گەلاوێژی ٢٧٢٣ و لە دۆسیەیەکی دیکەشدا، لەلایەن دادگای تاوانەکانی شاری سنە بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی گشتی" بە یەک ساڵ بەندکران و دوورخستنەوە و لێدانی ٤٠ قامچی سزا درا. ١١ی سەرماوەزی ئەمساڵ، لە دادگای پێداچوونەوە سزاکان، سزای بەندکران و لێدانی قامچیی ناوبراو پەسەندکرا و سزای دوورخستنەوەی ناوبراو بۆ بەندیخانەی دێزڵئاوا لە شاری کرماشان هەڵوەشایەوە.

سەیوان ئیبراهیمی، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی، باسی هۆکاری سەپاندنی سزاکەی کرد کە ١٢ ساڵ بەندکرانە، "بەرپرسیارەتی لە ئەنجوومەنی نۆژین و چالاکییەکانی ئەم ئەنجونە"، "پشتگیری لە خۆڕاگری هاوژێنەکەی، زارا مەحەممەدی"، "بڵاو کردنەوەی وێنەی شەهیدان لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان" وەهەروەها، "هەبوونی پەیوەندی بە کەناڵی کورد تی ڤی" ناوبردووە و ڕایگەیاندووە کە لە هەبوونی ئەم کەناڵە ئاگادار نییە.

سەیوان ئیبراهیمی ئەندامی بەڕێوبەری ئەنجوومەنی فەرهەنگیی و کۆمەڵایەتیی نۆژین، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٨ی بەفرانباری ٢٧٢٣، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە. ناوبراو لە ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کۆتایی دادگایەکەی لە بەندیخانەی سنە ئازاد کرا.

پێشتریش، سەیوان ئیبراهیمی، ڕۆژی ١٣ی بەفرانباری ٢٧٢٢، لە کاتێکدا لە دادگای شۆڕشی سنە بەدواداچوونی بۆ دۆسیەی هاوژێنەکەی زارا محەممەدی دەکرد، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و ڕۆژی ١٥ی بەفرانبار، بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە