شنۆ؛ سێزدە هاووڵاتیی کورد بە کۆی گشتی ٣٤ ساڵ و ۵ مانگ بەندکردنیان بەسەردا سەپاوە

١٤ سەرماوەز ٢٧٢٣، ١١:١٦

 

هەنگاو: سێشەممە، ١٤ی سەرماوەزی ٢٧٢٣

سێزدە هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی عەبدولکەریم کاکۆل، سولەیمان شاروێرانی، خدر عەبدوڵڵاهی، عوسمان هەمزازادە، ئارام شەعبان، فەخرەدین پوودات، یەعقووب مەحموودی‌ئازەر، خۆشناو عەینی، پیرۆت تابناک، یووسف ڕەحمانی، فەرهەنگ کەرامەت، بەهمەن مەحموودی‌ئازەر و موحسین عەزیزی، کە سەرجەمیان خەڵکی شاری شنۆن، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە کۆی گشتی سزای ٣٤ ساڵ و ۵ مانگ بەندکردنیان بەسەردا سەپاوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ بەهمەن مەحموودی‌ئازەر، خەڵکی شنۆ و یەعقووب مەحموودی‌ئازەر، خەڵکی گوندی سینگانی ئەو شارە، لە ماوەی ڕابردوودا لەلایەن دادگای شۆڕشی شنۆ بە سەرۆکایەتیی دادوەر "مەهدی ڕەزایی"، هەرکامەیان سزای ٧ ساڵ بەندکردنیان بەسەردا سەپاوە.

هەر لەم پەیوەندییەدا خۆشناو عەینی و پیرۆت تابناک، خەڵکی گوندی سینگانی شنۆ و موحسین عەزیزی، خەڵکی شاری شنۆ، هەریەکەیان سزای ٢ ساڵ بەندکردنیان و فەرهەنگ کەرامەت، خەڵکی گوندی سینگانی شنۆ، سزای ٢ ساڵ و ۶ مانگ بەندکردن و هەروەها یووسف ڕەحمانی، خەڵکی شاری شنۆ ٢ ساڵ و ۵ مانگ بەندکردنیان بەسەردا سەپاوە.

هەر لە درێژەی ئەم سزایانەدا، عەبدولکەریم کاکۆل، خەڵکی گوندی حەسەننوورانی سەر بە شاری شنۆ، سولەیمان شاروێرانی و خدر عەبدوڵڵاهی کە هەردووکیان دانیشتووی ئەو شارەن، لەلایەن دادگای شۆڕشی شنۆ بە سەرۆکایەتیی دادوەر "مەهدی ڕەزایی" هەریەکەیان سزای ساڵێک بەندکردنیان بەسەردا سەپاوە.

هەروەها ئارام شەعبان، خەڵکی شاری شنۆ، سزای ٣ ساڵ و ٣ مانگ بەندکردن و فەخرەدین پوودات، خەڵکی گوندی "بەیتەریان" و عوسمان هەمزەزادە، خەڵکی گوندی "قوڕوچای"ی سەر بە شاری شنۆ، هەریەکیان سزای ٣ ساڵ و ٣ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دادگای شۆڕشی شاری شنۆ، بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هاوکاریی ئەو حیزبە" بە کۆی گشتی، سزای ٣٤ ساڵ و ۵ مانگ بەندکردنی بەسەر ئەو ۶ هاووڵاتییەدا سەپاندووە.

عەبدولکەریم کاکوڵ، سولەیمان شاروێرانی، خدر عەبدوڵڵاهی، عوسمان هەمزازادە، ئارام شەعبان و فەخرەدین پوودات، لە کاتژمێر ٢ تاکوو ٤ی بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، ١٨ی پووشپەڕی ٢٧٢٣ (٩ی خاکەلێوەی ٢٠٢٣)، لە ماڵی خۆیان و لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە بە شێوەیەکی دڕندانە دەستبەسەر کراون و دوای ماوەیەک دەستبەسەربوون، بە دانان بارمتە و بە شێوەی کاتی کۆتاییی دادگاییکردنەکەیان، لە بەندیخانەی شنۆ ئازاد کراون.

شایانی باسە کە حەوت هاووڵاتیی دیکە لە مانگی پووشپەڕی ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و دوای ماوەیەک بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کۆتایی دادگایکردنەکەیان لە بەندیخانە ناوەندیی شنۆ ئازاد کران.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە