ژنێکی دوو گیان کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

هەنگاو: ژنێکی دووگیان لە شاری پاوە بە هۆی کێشەی کۆمەڵایتەییەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

٢٢ گەلاوێژ ٢٧١٧، ٢٢:٣٠

 

هەنگاو:  ژنێکی دووگیان لە شاری پاوە بە هۆی کێشەی کۆمەڵایتەییەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنج شەنبە (۱۹ی گەلاوێژی ٢٧١٧ / ۱۰ ئاگۆستی ٢٠١٧)، ژنێکی خەڵکی پاوە بە ناوی (سایە حەسەنپوور) کە دووگیان بووە و منداڵێکی چوار مانگەی لە زکدا بووە، لە ڕێگای خۆ هەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

سەرچاوەیەکی جێگای متمانە ڕایگەیاند کە سایە پێشتر لە گەڵ گەنجێک بە ناوی (ع. م) پێوەندی خۆشەویستی هەبووە و بە هۆی نزیک بوونەوەی لەگەڵ ئەم کوڕە ، دوو گیان بووە . 

دوای هەست پێ کردن بە دووگیانی ، (ع. م) بە هۆی باوکێوە خوازبێنی سایە لە باوکی بە ناوی (م . ح) دەکات کە ئامادە نابن کچەکەی لێ مارە بکەن . دوای هەوڵدانی ع. م بە مەبەستی "هەڵگرتنی" سایە و سەرنەکەوتنی لەو کارەدا و هەڵهاتنی خۆی و براکەی ، سایە دەکەوێتە ژێر زەخت و هەڕەشەوە . هەر بەو هۆیەوە سایە بڕیاری خۆ کوشتن دەدات و لە ماڵی مامی خۆی هەڵداوەسێ و کۆتایی بە ژیانی خۆی دێنێ . 

کولتووری گۆێ نەدان بە ویستی ژنان و نەبوونی ئازادی و ئیختیار بۆ هەڵبژاردنی هاوسەر لە کۆمەڵگای کوردستان هێشتا بەتەواوی بن بڕ نەکراوە . کولتوورێک کە ساڵانە بە دەیان و سەدان ڕووداوی دڵتەزێنی لێ دەکەوێتەوە و کەم نین ئەو ژنانەی کە بە ناچاری و بۆ دەرباز بوونیان ڕوو دەکەنە خۆ کوشتن و دەبنە هاوچارە نوسی سایە .


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە