پەخشان عەزیزی، بەندکراوی سیاسیی کورد دوای ٤ مانگ دەستبەسەربوون ڕەوانەی بەندی ژنانی بەندیخانەی ئێڤین کرا

پەخشان عەزیزی، ڕۆژنامەنووس، ئاریکاری کۆمەڵایەتی و بەندکراوی سیاسیی پێشووی کورد لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین کە دەستب

٢١ سەرماوەز ٢٧٢٣، ١١:٢٧

 

هەنگاو: سێشەممە ٢١ی سەرماوەزی ٢٧٢٣

پەخشان عەزیزی، ڕۆژنامەنووس، ئاریکاری کۆمەڵایەتی و بەندکراوی سیاسیی پێشووی کورد لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین کە دەستبەسەرگەی وەزارەتی ئیتلاعاتە، بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ئێڤین گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، ٢٠ی سەرماوەزی ٢٧٢٣ (١١ی دیسەمبەری ٢٠٢٣)، دوای ٤ مانگ و یەک حەفتە لە دەستبەسەربوون و لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوە لە پەخشان عەزیزی، ڕۆژنامەنووس، خاوەن بڕوانامەی ئاریکاری کۆمەڵایەتی و بەندکراوی سیاسیی پێشووی کورد، لە بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤینەوە ڕەوانەی بەشی ژنانی ئەم بەندیخانەیە کرا.

ناوبراو لەو ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە مافە سەرەتایییەکانی وەک مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵ و کەسوکاری و تەنانەت پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی، بێبەری و بێبەش کراوە.

پەخشان عەزیزی، ڕۆژی ١٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٣، لە شەقامی "خەڕازی"ی شاری تاران و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە.

هەنگاو پێشتر بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوەکانی خۆی ڕایگەیاند؛ هاوکات لەگەڵ دەستبەسەر بوونی ئەم بەندکراوە، چەند کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی دەستبەسەر کراون کە ئەوان دوای چەند ڕۆژ ئازاد کراون.

شایەنی باسە کە پەخشان عەزیزی ڕۆژی ٢٥ی خەزەڵوەری ٢٧٠٥، لە خۆپیشاندانی خوێندکارانی کوردی زانکۆی تاران دژی لە سێدارەدانی بەندکراوانی سیاسی لە کوردستان، دەستبەسەر کرا و دواتر، لە ڕۆژی ٢٨ی ڕەشەممەی هەمان ساڵدا، دوای ٤ مانگ دەستبەسەر بوون بە دانانی بارمتەی ١٠٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرابوو.

پەخشان عەزیزی دواتر بەهۆی هەڕەشە و گوشاری بەردەوامی هێزە ئەمنییەکانەوە زێدی خۆی بەجێ دەهێڵیت و دەست دەکات بە لێکۆڵینەوە لە سەر بارودۆخی ژنان لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە