بۆکان؛ چوار هاووڵاتیی کورد بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکران، دەستبەسەر و بۆ بەندیخانە گواسترانەوە

جەلال ئەمینی، حوسێن ئەحمەدی، کازم مام ئیسمائیل و یوونس مەحموودزادە، چوار هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان کە پێشتر لەلایەن دەزگای داد

٢١ سەرماوەز ٢٧٢٣، ١٧:٤٣


هەنگاو؛ سێشەممە ٢١ی سەرماوەزی ٢٧٢٣

جەلال ئەمینی، حوسێن ئەحمەدی، کازم مام ئیسمائیل و یوونس مەحموودزادە، چوار هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان کە پێشتر لەلایەن دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرابوو، دەستبەسەرکران و بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەیان بۆ بەندیخانەی ئەو شارە گواسترانەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٢١ی سەرماوەزی ٢٧٢٣ (١٢ی دیسەمبەری ٢٠٢٣)، جەلال ئەمینی و یوونس مەحموودزادە، هەردوویان بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای ٣٠ مانگ بەندکران، حوسێن ئەحمەدی ٢٧ مانگ و کازم مام ئیسماعیل بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای ٩ مانگ بەندکران، دوای بانگکران لەلایەن لقی جێبەجێکرانی سزاکانی خانەی دادی بۆکان، دەستبەسەرکران و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواسترانەوە.

حوسێن ئەحمەدی، پێشتر سزای ٣ ساڵ بەندکران، جەلال ئەمینی و یوونس مەحموودزادە هەرکامیان سزای ٣ ساڵ و ٨ مانگ بەندکران و هەروەها کازم مام ئیسمائیل، سزای یەک ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرابوو. لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی بۆکان، بە تۆمەتی "هاوکاریکردن لەگەڵ پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) " سزای بەندکرانی بەسەر ئەو هاووڵاتییانەداسەپاندبوو و ئەو سزایە دواتر لە قۆناغی پێداچوونەوەدا کەم کرایەوە.

جەلال ئەمینی، ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی گەلاوێژی ٢٧٢٢، لە کاتی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان دەستبەسەرکرابوو. ناوبراو لە ئاکامدا، ڕۆژی شەممە ٥ی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو، لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان گواسترایەوە و ١٣ی خەرمانان بە دانانی بارمتە و هەتا کاتی کۆتایی هاتنە پرۆسەی دادگاییکردنەکەی ئازادکرا.

هەروەها یوونس مەحموودزادە، حوسێن ئەحمەدی و کازم مام ئیسماعیل، ڕۆژی دووشەممە ٧ی خەرمانانی ٢٧٢٢، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراون. ئەوان دوای تێپەڕکردنی دوو حەفتە دەستبەسەرکران، بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی هەتا کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنیان ئازادکران.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە