پیرانشار؛ مامۆستا زانا خووشامن بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی دەستبەسەرکرا و بۆ بەندیخانە گواستراوە

مامۆستا زانا خووشامن، مامۆستای ئایینی کورد و خەڵکی پیرانشار و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای دوو ساڵ و یەک ما

٢٢ سەرماوەز ٢٧٢٣، ٢٠:٠٣

 

هەنگاو؛ چوارشەممە ٢٢ی سەرماوەزی ٢٧٢٣

مامۆستا زانا خووشامن، مامۆستای ئایینی کورد و خەڵکی پیرانشار و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای دوو ساڵ و یەک مانگ بەندکرانەکەی، دەستبەسەرکرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە گواستراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی سەرماوەزی ٢٧٢٣ (١٣ی دیسەمبەری ٢٠٢٣)، زانا خووشامن، خەڵکی گوندی "شیناوێ" سەر بە شاری پیرانشار دوای بانگکران لەلایەن جێبەجێکرانی سزاکانی خانەی دادی گشتی و شۆڕشی ئەو شارەوە، دەستبەسەرکرا و بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای دوو ساڵ و یەک مانگ بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانەی نەغەدە گواستراوە.

ئەو مامۆستا ئایینییە کوردە پێشتر لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی مەهابادەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەمیر ئۆجاقلۆ بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران " سزای دوو ساڵ و یەک مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا. ئەو سزا ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی جۆزەردانی ئەوساڵ بە فەرمی پێی ڕاگەیەندرابوو.

مامۆستا زانا خووشامن، مامۆستای قوتابخانەی زانستە دینییەکانی سەلاحەددین ئەیووبی پیرانشار، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی ڕەزبەری ٢٧٢٣، هاوکات لەگەڵ بزوتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، لەگەڵ هاوسەرەکەی، سنوور قادری لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا.

سنوور قادری دوای دوو ڕۆژ ئازاد کرا و مامۆستا زانا خwwشامن بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی ئورمیە گواستراوە. ئەو مامۆستا کە لە ماوەی دەستبەسەرکرانەکەیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن بێبەش و بێبەری کرابوو، دوای چەند مانگ بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی، هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە