سەقز؛ هەوڵی نایاسایی هێزە ئەمنییەکان بە مەبەستی ڕفاندنی فایەق یووسفی چالاکی مەدەنی و بەندکراوی سیاسی پێشوو

فایەق یووسفی، چالاکی مەدەنی، بەندکراوی سیاسی پێشوو و ئەندامی گرووپی شاخەوانی (هەڵۆ) و خەڵکی سەقز، ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوو لە ژێر هەرەشەی وەزارەت ئیتلاع

٢٦ سەرماوەز ٢٧٢٣، ١٢:١٩

 

هەنگاو: یەکشەممە ٢٦ی سەرماوەزی ٢٧٢٣

فایەق یووسفی، چالاکی مەدەنی، بەندکراوی سیاسی پێشوو و ئەندامی گرووپی شاخەوانی (هەڵۆ) و خەڵکی سەقز، ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوو لە ژێر هەرەشەی وەزارەت ئیتلاعات بووە و ماڵەکەی بە بێ هیچ هۆکارێکی یاسایی، دراوەتە بەر هێرش و پشکنینی ئەم ناوەندە ئەمنییە. ئەم چالاکە مەدەنییە لە پەیامێکی ڤیدیۆیی دا ڕایگەیاندووە، من لە ڕووی جەستەیی و ڕۆحییەوە سڵامەتم و هیچ کێشەیەکی تەندروستیم نییە و بەرپرسیارەتی هەر مەترسییەک لەسەر گیانم لە ئەستۆی وەزارەتی ئیتلاعاتە.

بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، فایەق یووسفی، چالاکی مەدەنی و وەزرشوان بە بڵاو کردنەوەی ڤیدیۆیەک پشتڕاستی دەکاتەوە کە ناوەندە ئەمنییەکان بە هەوڵێکی چەواشەکارانە بە هاوکاری کەڵانتەری ١١ی شاری سەقز دەیانەوێت دەستبەسەری بکەن و بە هۆیە ناچار بووە سێ شەو و ڕۆژی ڕابردوو بە مەبەستی پاراستنی گیانی لە دەرەوەی ماڵ و بە نهێنی بمێنێتەوە.

فایەق یووسفی لە پەیامەکەی خۆیدا دەڵێت، کاتژمێر ٧ی دوا نیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی سەرماوەز، لە لایەن کەڵانتەری ١١ی شاری سەقز پەیوەندی پێوە گیراوە و ڕایانگەیاندووە کە لە یەکێک لە گۆڕەپانەکانی شاری سەقز تووشی ڕووداوی هاتووچۆ بووە و خاوەن ئۆتۆمبێلی کەسی بەرانبەر سکاڵای تۆمار کردووە و منیش دڵنیا بووم کە ئەمە هەوڵێکی درۆیینە وبۆیە پێیانم ڕاگەیاند کە میوانم هەیە و دواتر سەردان دەکەم.

لە درێژەدا ڕایگەیاندووە، کەمێک پێش کاتژمێر ١١ی شەو لە ماڵ چوومەتە دەرەوە و دواتر نزیک بە ١٥ کەس لە جل شەخسییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکەم و هەم خانوو و هەم ئۆتۆمبیلەکەمیان پشکنیوە.

فایەق یووسفی پشتڕاستی دەکاتەوە، ڕۆژی شەممە ٢٥ی سەرماوەز توانیویەتی دەستی بە ئۆتۆمبێلەکەی خۆی ڕابگات و و سێ ڕۆژی تەواوە لە دەرەوەی ماڵ و بە نهێنی دەژیت و دۆخی تەندروستی جەستە و ڕۆحی سڵامەتە و هەر بەرپرسیارەتی هەر مەترسییەکی گیانی بۆی لە ئەستۆی ئیتلاعاتی شاری سەقزە.فایەق یووسفی چالاکی مەدەنی و کۆمەڵایەتی خەڵکی شاری سەقز و ئەندامی کۆمەڵەی وەرزشوانانە و لە بواری چالاکی ژینگەپارێزیدا چالاکی هەیە.

شایانی باسە فایەق یووسفی لە ڕێکەوتی ١٨ی پووشپەڕی ١٣٩٨ (٩ی جولایی ٢٠١٩) لەلایەن ئیتلاعاتی سەقزەوە دەستبەسەر و دوای دوو مانگ بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو، دواتر لەلایەن دادگای شۆڕشی سەقز سزای ١٠ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا و دواتر بۆ ٦ مانگ کەم کرایەوە.

فایەق یووسفی لە ١ی خەزەڵوەری ٢٧٢٠ بە مەبەستی تێپەڕکردنی ماوەی بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندی سەقز گوازرایەو ە و ٢٩ی خاکەلێوەی ٢٧٢١ دوای تێپەڕکردنی ماوەی سزاکەی ئازاد کرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە