سزای سێدارەی فەرزاد گوڵمحەممەدی لە بەندیخانەی سنە جێبەجێکرا

سزای سێدارەی بەندکراوێکی خەڵکی کامێران بە ناوی فەرزاد گوڵمحەممەدی کە ٨ ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست دەستبەسەرکر

٢٩ سەرماوەز ٢٧٢٣، ٠٩:٠٥

 

هەنگاو؛ چوارشەممە ٢٩ی سەرماوەزی ٢٧٢٣

سزای سێدارەی بەندکراوێکی خەڵکی کامێران بە ناوی فەرزاد گوڵمحەممەدی کە ٨ ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست دەستبەسەرکرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە جێبەجێکرا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی سەرماوەزی (٢٧٢٣ ٢٠ی دیسەمبەری ٢٠٢٣) سزای سێدارەی) فەرزاد گوڵمحەممەدی تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی گوندی پاڵنگان سەر بە شاری کامێران لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە جێبەجێکرا.

هەنگاو ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٣ وێڕای ڕاگەیاندنی هەواڵی گواستنەویە ناوبراو بۆ ژووری تاکەکەسی سەبارەت بە ئەگەری جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ئەو بەندکراوە هۆشداری دابوو.

فەرزاد گوڵمحەممەدی ٨ ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست دەستبەسەر و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو.

شیاوی ئاماژەپیدانە کە ئەم بەندکراوە ڕێکەوتی ١٨ی سەرماوەز جارێکی دیکەش بۆ ژووری تاکەکەسی گواسترابوویەوە و دوای دوو ڕۆژ گەڕێندرابوویەوە بەندی گشتی بەندیخانەی سنە.

هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، هەواڵی لەسێدارەدانی فەرزاد گوڵمحەممەدی لە میدیا حکوومەتییەکان بە تایبەت میدیاکانی نزیک لە دەزگای دادوەری ڕانەگەیەندراوە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە